سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

دیدار و کۆبوونەوەکانی میری کوردانی ئێزدی لە فەرەنسا.

Alternate Text

میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی بەسەرۆکایەتی شاندێک کە لە چەند کەسایەتیێکی ئایینی ئێزدی پێکهاتبوون بەسەردانیێکی فەرمی گەیشتە پاریس و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا ئەنجامدا.

سەرەتای دیدار و کۆبوونەوەکانی میر حازم و شاندی یاوەری لە سێناتی فەرەنسا دەستیپێکرد و لەگەڵ هەریەک لەسیناتۆران (رێمی فیرۆ و ڤالێری بوای) کۆبوونەوە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە هەر لە باڵەخانەی سێناتی فەرەنسا لەگەڵ سیناتۆر خاتوو (نیکۆل دیرانتۆ) سەرۆکی گروپی دۆستایەتی عێراقی-فەرەنسی کۆبوونەوە.

پاشان شاندەکەی کوردانی ئێزدی لە باڵەخانەی شارەوانی پاریس لەلایەن بەڕێز (ئارنۆ نگاتچا) جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس بۆ کارووباری نێودەوڵەتی پێشوازییان لێکرا و دوایین کۆبوونەوەشیان لەگەڵ بەڕێز (پاتریک کەرەم) جێگری سەرۆکی هەرێمی پاریس بوو.

دیدار و کۆبوونەوەکاندا کە لەرێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخرابوون و بەئامادەبوونی نوێنەری حکومەت بەڕێوەچوون، تیایاندا بەگشتی باس لە دۆخی کوردانی ئێزدی و ناوچەکانیان کرا، یەکێک لە بابەتە سەرەکیەکان لەمپەرەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بوو بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەکاتێکدا نزیکەی حەوت ساڵە ناوچەکانیان لە دەستی داعش رزگارکراون کەچی هێشا ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەمێننەوە ، میری کوردانی ئێزدی هەبوونی گرووپی چەکدار و حەشدی شەعبی و چەند هێزیکی دیکە بە هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەستنیشانکرد.
هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا بەدرێژی باسی دۆخی دەروونی ئەو ژن و کچە ئێزدییانە کرا کە لەلایەن چەکدارانی داعش رفێندراوبوون و چۆنیەتی هاوکاریکردنیان بۆ دەربازبوونیان لەو دۆخەی تیایدان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان باسکردن بوو لە رەوشی ئەو کوردە ئێزدییانەی کە لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە وەک پەنابەر هاتوونەتە فەرەنسا.
لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا میری کوردانی ئێزدی و شاندی یاوەری سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بەرامبەر ئەو هاوکاری و یارمەتییە بەردەوامانەی کە پێشکەش بەئێزدییەکان دەکات هەم ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و هەمیش ئەوانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین ، بەتایبەتیش سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا لە پای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ رزگارکردنی ئەو کچ و ئافرەتە ئێزدییانەی کە لەلایەن داعشەوە لەکاتی داگیرکردنی ناوچەکانیان رفێنرابوون و وەک ئماژەیان پێکرد بە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بەسەدان لەو رفێنراوانە رزگارکراون و هاتوونەتەوە ناو کەسوکاریان.
هەروەها داواشیان لە لایەنی فەرەنسی کرد یارمەتی زیاتری ئێزدییەکان بدەن لە باشووری کوردستان و ئەوانەشی کە وەک پەنابەر هاتوونەتە فەرەنسا، بەتایبەتی بەدابینکردنی چەند جێگایەکی سایشتە لەو ناوچانەی کە رەوەندی ئێزدی تێدا زۆرە بۆئەوەی ئێزدییەکان بتوانن تیایدا پەیڕەوی چالاکییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان بکەن.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی فەرەنسی خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەسەردانەکەی میر حازم و شاندی یاوەری بۆ فەرەنسا و پابەندی خۆیان بەهاوکاریکردنی کوردانی ئێزدی دووپاتکردەوە لەهەر شوێنێک بن لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیی هەموو هاوکارییەکیان نیشاندا ، بۆ ئاگاداربوونی زیاتر لە رەوشی کوردانی ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی کێشە و گرفتەکان و چۆنیەتی هاوکاریکردنیان هەریەکە لە سیناتۆران (ڤالێری بوایێ و نیکۆل دیرانتو) ئاماژەیان بەوە کرد کە لە داهاتوویێکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆئەوەی چاویان بە ئاوارە ئێزدییەکان بکەوێت و دوای گەڕانەوەشیان لە ئەنجوومەنی سێناتی فەرەنسا کۆنفڕانسێک لەسەر دۆخی کوردانی ئێزدی دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان سازبکەن.
لای خۆشیانەوە میر حازم و شاندی یاوەری سوپاسی لایەنی فەرمییەکانی فەرەنسای کرد بەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیانکرا.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە