سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان ����������

هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانی لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا لە کتێبێکی وێنەیی فۆتۆگرافەرێکی فەرەنسیدا.

Alternate Text

بەمەبەستی بەجێگەیاندنی پرۆژەیەکی هاوبەش کە بریتییە لە چاپکردنی کتێبێکی وێنەیی بەراوردکاریی لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی هەرێمی کوردستان بەبەراورد بە ساڵی ١٩٩١  هەریەکە لە لام دوک فۆتۆگرافەری فەرەنسی و ژنەنووسەری چیکی ماکدالینا سودۆمکۆڤا  لە هەرێمی کوردستانن.

بۆ قسەکردن و پێشکەشکردنی  پوختەیەکە لەسەر پرۆژەکەیان سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کرد و لەلایەن سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان پوختەیەکیان لەسەر پرۆژە هاوبەشەکەیان پێشکەشکرد و ئاماژەیان بەوەدا کە لە پەرتووکەکەدا هەوڵدەدەن بەوێنە بەرەوپێشچوونەکانی کوردستان لەبوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، بیناسازی و دەزگا مەعریفییەکانی هەرێمی کوردستان بەبەراورد بەساڵی ١٩٩١ نیشان بدەن و پەرتووکەکەش بەهەردوو زمانی فەرەنسی و کوردی دەبێت.
لای خۆیەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وێرای دەستخۆشی و بەخێرهێنانیان ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی فەرمانگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆژەکە و هیوای خواست کە شاندی میوان سەردانی تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆئەوەی لە نزیکەوە شێوازی ژیان و پێشکەوتنەکان لەبوارە جیاجیاکاندا ببینن. 

لام دوک فۆتۆگرافەر و ئەندامی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوورە و خاوەن ئەرشیفێکی گەورەی وێنەیییە لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان لەهەرێمی کوردستان بەوپێیەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە بەردەوام سەرەدانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەو کاتەوە سەرقاڵی وێنەگرتن و ئەرشیفکردنیانە لەسەر گشت بوارەکانی ژیان لەناوچەکە، هەروەها ناوبراو پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا هەیە. 

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە