سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان ����������

پانۆڕامای دیدار و چالاکییەکانی پارێزگاری هەولێر لە پاریس.

Alternate Text

لەسەر بانگهیشتی فەرمی خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانی پاریس و بەمەبەستی بەشداریکردنی لە ٩٨ەمین کۆنفرانسی سالانەی کۆمەڵەی شارەوانییە فڕانکۆفۆنییەکان بەڕیز ئومید خۆشناو پاریزگاری هەولێر سەردانی پاریسی کرد و لەماوەی سێ رۆژی مانەوەیدا جگە لە کۆنفڕانسەکە چەندین دیدار و چالاکی جۆراوجۆری هەبوو.


رۆژی ٢٦/٤/٢٠٢٣ و لەگەڵ گەیشتنی بە پاریس بەڕێز پارێزگاری هەولێر لەگەڵ خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانی پاریس کۆبووەوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی شارەوانی پاریس سوپاسی پشتگیری و هاوکارییە بەردەوامەکانی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتە سەختەکاندا و بەتایبەتی لە شەری دژی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە باڵەخانەی سەرەکی شارەوانی گەورەی پاریس بەڕێوەچوو  و بەڕێز ئارنو نگاتچا جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس بۆ کارووباری نێودەوڵەتیش ئامادەی بوو،  گفتووگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە نێوان هەولێر و پاریس کرا لەچوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەشتنی دەستەخوشکی نێوان هەردوو شارەکە و هەردوولا هاوڕابوون بەخێراترکردنی هەنگاوەکان و بەکرداریکردنیان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبۆنەوەکە بریتی بوو بە قسەکردن لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆی سەڵاحەددین و زانکۆکانی پاریس و هەروەها گرنگیدانی زیاتری لایەنی فەرەنسی بە قوتابخانەکانی فرەنسی زمان لە هەولێر و بەشی زمانی فەرەنسی لەزانکۆی سەڵاحەددین.

هەروەها بەمەبەستی بەهێزکردنی جولەی بازرگانی و ئاسانکاری هاتووچۆ  لەنێوان هەولێر و پاریس ، بەڕێز پارێزگاری هەولێر پێشنیاری کرد کە سەرۆکی شارەوانی پاریس دەسەڵلاتی خۆی بەکاربێنێت بۆ کردنەوەی گەشتی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و پاریس.

لای خۆیەوە خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانی پاریس خۆشحاڵی خۆی دەڕبری بەسەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ پاریس و بەشداریکردنی شاندی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەی ساڵانەی شارەوانییە فڕانکۆفۆنییەکان  و جارێکی دیکە سەرۆکی شارەوانی پاریس رێز و ستاییشی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی لەبەرامبەر ئەو بەرگرییەی بەرامبەر تیرۆر و چەکدارانی داعش کردییان و رایگەیاند کە فەرەنسا بەچاوی رێزەوە دەڕوانێتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە تێکشکاندنی داعش.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز ئومێد خوشناو پارێزگاری هەولێر بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆکی شارەوانی پاریسی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێر و لەبەرامبەریشدا خاتوو ئان هیدالگۆ بەفەرمی بانگهێستی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێری کرد بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستپێکردن و بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ساڵی ٢٠٢٤ کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو لە پاریس بەڕێوەبچن، هەردوو لا بانگهێشتەکانیان قبوڵ کردن و سەرۆکی شارەوانی پاریس بەڵێنی دا کە لەماوەیەکی نزیکدا و لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی هەولێر بکات

     

 

دواتر و لە رۆژی ٢٧ی مانگ بەمەبەستی بینین و ئاگاداربوون لە شێواز و چۆنیەتی کارکردن لە پرۆەژی گوندی ئۆڵۆمپیاد لە پاریس ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەیاوەری  ئارنۆ نگاتچا جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس بۆ کارووباری نێودەوڵەتی و ژمارەیەک لە پارێزگار و سەرۆک شارەوانییەکانی چەند شارێکی دیکەی جیهان سەردانی پرۆژەکەیان کرد و لە نزیکەوە بە پرۆسەی کارکردن لە پرۆژەکەدا ئاشنا کران.
 بڕیارە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە پاریس بەبەشداری ١٤ هەزار یاریزانی جیهانی بەڕێوەبچن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی پارێزگای هەولێریش بەفەرمی بۆ مەراسیمی دەستپێکردنی ئۆلۆمپیاد بانگهیشتکراون 

 

دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ پارێزگاری هەولێر بە هاوڕێیەتی چەندین پارێزگار و سەرۆک شارەوانی دیکە کە ئەوانیش بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارەوانییە فڕانکۆفۆنییەکان لە پاریس بوون، سەردانی پرۆژەی ریسایکلینی ئاوی رووباری سەین،یان کرد لەناو پاریس  و پارێزگاری هەولیر جگە لەدەستخۆشی بۆ سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی پاریس تەئکیدی لە لە گرنگیدان بە ژینگە کردۆتەوە و هەروەها باس لە گرفتی گۆڕانی کەش و هەوا و هۆکارەکانی کراوە.
لەبارەی پرۆژەی ریسایکلینیش پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد لەو بارەیەوە و خوازیار بوو کە لە هەرێمی کوردستان بتوانن سوود لە ئەزموون و پسپۆڕانی فەرەنسا وەربگرن بەتایبەتی ئێستا، کە بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە هەولێری پایتەخت بە گوژمەی (٢٨٨) ملیۆن یۆرۆ پرۆژەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک و ئاوی زێرابی هەولێر لەلایەن کۆمپانیای (جایکا)ی ژاپۆنی جیبەجێبکرێت.



هەر لە هەمان بەسەرکردنەوەدا پارێزگاری هەولێر  سەردانی پرۆژەی درووستکردنی چەندان کیلومەتر رێگای پایسکل و چەند وێستگەیەکی پایسکلی ئاسایی و کارەبایی کرد کە شارەوانی پاریس بەمەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی ناو پاریس و لەپێناو تەندرووستییەکی باشتر بۆ دانیشتوانیی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئۆتۆمبێل وەک هۆکارێکی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکاری کەش و هەوا بە ئەنجامی گەیاندووە ، بەڕێز پارێزگاری هەولێر هیوای خواست لەو بوارەشدا پاریس وەک دەستەخوشکی هەولێر بتوانیت ئەزموونی خۆیانیان لەگەڵ بەش بکەن و بەپێی توانا لە هەولێریش پرۆژەی هاوشێوە بەئەنجام بگەیینرێت. 

دواتر و رۆژی ٢٨ی مانگ بە ئامادەبوونی ٣٢ پاریزگار و سەرۆک شارەوانی شارە فرانکۆفۆنییەکانی جیهان  پارێزگاری هەولێر بەشداری ٩٨ەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی شارەوانییە فرانکۆفۆنییەکانی کرد کە هەر ساڵە و لە شارێکی فڕانکۆفۆنی لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ پاریس میوانداری کردبوو.
 کۆنگرەکە کە بە وتەی خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانی گەورەی پاریس دەستیپێکرد و لە دەستپێکی گووتارەکەیدا بە گەرمی بەخێرهاتنی پارێزگاری هەولێری کرد، ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە هەولێر شارێکی فڕانکۆفۆنی نییە بەڵام ئەندامی فەخری کۆمەڵەکەیە , لە دریژەی گووتارەکەیدا سەرۆکی شارەوانی پاریس هاوشێوەی هەولێر شاری کییێڤی پایتەختی ئۆکرایناش وەک ئەندامی فەخری کۆمەڵەکە دەستنیشانکرد و پاشان سەرۆکی شارەوانی کیییڤ ووتاریکی ئۆنڵاینی پیشکەشکرد.
لە میانی کۆنفڕانسکەدا لەنیوان ئامادەبووان دا گفتووگۆ کر لەبارەی هینانەدی کۆمەڵگای شارستانی و درووستکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵەکە .

 

ئێوارەی هەمان رۆژ پاریزگاری هەولێر سەردانی ئەنیستیوتی کوردی لە پاریس کرد و لەلایەن بەڕێز کەنداڵ نەزان سەرۆکی ئەنیستیتیوت بەگەرمی پیشوازیلێکرا .
لە دیدرێکدا گفتوگۆ لەبارەی کلتوور و زمان و مێژووی کورد کرا و تیشکخرایە سەر کاروچالاکییە رۆشنبیری و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پەیمانگاکە ، لەو بارەیەشەوە  پارێزگاری هەولێر سوپاسی کەنداڵ نەزان سەرۆکی ئەنسیتیوتی کوردی و تەواوی ستافی پەیمانگاکە کرد لە بەرامبەر کارەکانیان بۆ ئاسانکاری و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و رۆشنبیری و کلتووری لەنیوان کورد و گەلانی دیکە بەتایبەتی گەلی فەرەنسا .

 

لە دوایین وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ پاریس و رۆژی شەممە ٢٩ی ٤ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە پاریس کرد و لەلایەن باڵیۆز د.ودیع بتی پێشوازیلێکرا.
لەدیداری نێوانیاندا پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر سەردانەکەی بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی پاریس و بە وردی باسی ئەنجام و راسپاردەکانی کۆنفرانسی ساڵانەی شارەوانییە فڕانکۆفۆنییەکان کرد.
هەروەها لە دیدارەکەدا بەڕێز پارێزگاری هەولێر سوپاسی باڵیۆزی عێراق لە پاریس و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەپای ئەو پەیوەندییە باش و تووکمەیەی کە لەنێوانیادا هەیە لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری رەوەندی کوردی و عێراقی لە فەرەنسا ، جارێکی دیکە بەڕێز پارێزگاری هەولێر داوای لە باڵیۆزی عێراق کرد کە روڵی خۆی ببینێت لە هەوڵەکانی کردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی پاریس و هەولێر.
لای خۆشیەوە باڵیۆزی عێراق وێرای بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانەکەی بەڕێزیان بۆ باڵیۆزخانەی عێراق و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو پاڵپشتی و هاوکارییەک نیشاندا ، لە کۆتایی دیدارەکەش گفتوگۆ لەسەر رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی سێ لایەنە کرا.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە