هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان

بڵاو کراوە لە: شەممە ٢٣ ئایار ٢٠٢٠ - ٢٠:١٩

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

 

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم:

جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و له‌ ته‌واوى موسڵمانان له‌ كوردستان، عێراق و هه‌موو جيهان پيرۆز ده‌كه‌م. هيوادارم هاتنه‌وه‌ى ئه‌م جه‌ژنه‌ هانده‌رى زياترى هه‌موومان بێت بۆ ته‌بايى، يه‌كڕيزى، لێبورده‌يى، پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن، له‌گه‌ڵ خۆيدا خێر و خۆشى بهێنێت و جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوومان له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ينه‌وه‌.

جه‌ژن له‌‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جيهان، ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسيى بڵاوبوونه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنى زياترى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ هه‌مه‌لايه‌نه‌كانى بووه‌ته‌وه‌، بۆيه‌ پێويسته‌ هه‌موومان له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكه‌وه،‌ يه‌كڕيز و ته‌با كار بكه‌ين و هاوكار و يارمه‌تيده‌ر بين بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ و تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان. ته‌نها به‌ كارى پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و هاوكاريى هه‌موو لايه‌كمان، وه‌ك قه‌يرانه‌كانى پێشتر ده‌توانين ئه‌م دۆخه‌ش‌ تێپه‌ڕێنين و پێكه‌وه به‌سه‌رياندا سه‌ركه‌وين.‌

له‌م بۆنه‌يه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ سەرۆکایەتيی هەرێمى كوردستان وەک چەترێک دەبێت بۆ تەبایی و یەکگرتوویيی هەموو هێز و لایەنە سیاسیيەکان و پێكهاته‌كانى كوردستان و نوێنه‌رايه‌تيكردنى هاووڵاتیان بە ته‌واوى جیاوازيی ئینتیمای حزبی و سیاسی و نەتەوەیی و ئایينی و کولتوورييه‌وه‌، له‌م پێناوه‌شدا و بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و باشتركردنى ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتيان، له‌ كار و هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت.

جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هيواى سه‌لامه‌تى و ته‌ندروستييه‌كى باش بۆ هه‌مووان ده‌خوازم و داوا له‌ هاووڵاتيانى خۆشه‌ويست ده‌كه‌م ڕێنمايييه‌كانى خۆپارێزى ڕه‌چاو بكه‌ن.

خواى مه‌زن كوردستان و هه‌موو لايه‌ك بپارێزێت.

 

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

23/5/2020

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2020' - Agence Web