به‌ هۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی پەتای کۆرۆنا، نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بە داخراوی دەمێنێتەوە بە ڕووی هاوڵاتیاندا بۆ کاتێکی نادیار. به‌ هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌موولایە‌ک

هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لەڕێگەى ڤیدیۆکۆنفڕانسێکەوە کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ نوێنەرەکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە ئەنجامدا

بڵاو کراوە لە: پێنج شەممە ٢٥ حوزه‌یران ٢٠٢٠ - ١٧:٤١

 

 

بەرواری ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، بەڕێز سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی سازکرد لەگەڵ گشت نوێنەرە بەرێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە.

 

بە مەبەستى خستنەڕووى بارودۆخى هەرێمى کوردستان لەڕووى سیاسى و ئابوورى و تەندروستى و پەیوەندیەکانى نێوان هەولێرو بەغداو هەڵوێستى هەرێمى کوردستان لەمەڕ رێکەوتنى ستراتیژى نێوان عیراق و ئەمەریکا و میکانیزمى کارى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم و هەنگاوەکانى پرۆسەى چاکسازى، ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لەڕێگەى ڤیدیۆکۆنفڕانس کۆبوونەوەیەکى فراوانى لەگەڵ تەواوى نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە ئەنجامدا.

 

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە وێڕاى سوپاس و دەستخۆشى لە ئامادەبووان، تیشکى خستە سەر ئامانجى کۆبوونەوەکەو گوتى بەپێویستمان زانى لە دوایین گۆڕانکاریەکانى ناوچەکەو هەڵوێستى هەرێمى کوردستان لەمەڕ پرسە هەنووکەییەکان ئاگادارتان بکەینەوە. سەرەتا تیشکى خستە سەر حکومەتى تازەى فیدڕال بەسەرۆکایەتى بەڕێز مستەفا کازمى و گوتى حکومەتى هەرێم پشتگیرى لە حکومەتى تازەى عیراق دەکات و لە چوارچێوەى دەستورى عیراق داواى ماف و شایستەکانى دەکات و هیوادارین پرسە هەڵواسراوەکانى نێوان هەردوولا بە دیالۆگ بێتە جێبەجێ کردن.

 

بەڕێزیان باسی لە مەترسیەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش کرد و گوتى داعش جموجۆڵى زیاتربووەو بەهێزتر لەجاران خۆیان کۆکردۆتەوە. بۆیە هەماهەنگى نێوان هەولێرو بەغدا لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان زۆر گرینگە بۆ رووبەرووبوونەوەى تیرۆریستانى داعش و رێگرى کردن لە هەر کردەیەکى تیرۆریستى.

 

سەبارەت بە رێکەوتننامەى ستراتیژى نێوان ئەمەریکاو عیراق گوتى، ئەو رێکەوتننامەیە بۆ هەردوولا گرینگە، چونکە عیراق هێشتا پێویستى بە پاڵپشتى سەربازى و لۆجیستى و بووژانەوەى ژێرخانى ئابوورى هەیە، ئەمەریکاش دەخوازێ پشتگیرى عیراق بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و پەرەپێدانى بوارى زانستى و ئابوورى و کەلتورى و وزە. هەروا وەزارەتى دەرەوەو دامەزراوەکانى دیکەى ئەمەریکا رازین لەسەر ئەوەى هەرێمى کوردستانیش لەکۆبوونەوەکان بەشداربێت و قسەى خۆى هەبێت. لەیەکەم کۆبوونەوەش نوێنەرى هەرێمى کوردستان بەشداربوو.

 

لە تەوەرێکى تر بەڕێزیان تیشکى خستە سەر ئەرک و کارەکانى فەرمانگە لەم قۆناغە لەگەڵ نێردە دیپلۆماسیەکانى وڵاتان و ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە خێرخوازەکان. لەم بارەیەوە گووتى دیدارو کۆبوونەوەکان بەهۆى پەتاى کۆڕۆنا بە ڤیدیۆکۆڵ بەردەوامەو چەندین وڵاتى وەک چین و ئیمارات و ئەمەریکا هاوکارى پزیشکیان پێشکەش بە هەرێم کردووەو دەستخۆشیشیان لە حکومەتى هەرێم کردووە بۆ ئەو رێکارانەى گرتوویەتیەبەر بۆ رێگە گرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڤید ١٩. رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە شێوەى سنووردار یارمەتى ئاوارەو پەنابەرانیان داوەو ئەرکى قورسیش لە ئەستۆى حکومەتى هەرێم بووە.

پاشان باسى لە یاساى چاکسازى و هەنگاوەکانى حکومەت کرد بۆ رووبەرووبوونەوەى گەندەڵى و چاککردنى هەموو ئەو کەم و کوڕیانەى لەرووى ئیدارى و دارایى و یاسایی لەئارادان.

 

دواتر دەرفەت درایە تەواوى نوێنەرەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە بۆ ئەوەى باس لە بەرنامەو کێشەو گرفت و پێداویستیەکان و میکانیزمى زیاتر پتەوکردنى پەیوەندیەکان لەگەڵ دونیا دەرەوە بکەن.

 

دواى ئەوەى گوێى لە تەواوى سەرنج و پێشنیارەکان گرت، بەڕێز سەفین دزەیى وەڵامى یەکەیەکەى نوێنەرەکانى دایەوەو کۆتایى بۆ کۆبوونەوەکە هێنا.

 

جێگەى باسە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ١٤ وڵات نوێنەرایەتى هەیەو کار دەکات بۆ ئەوەى نوێنەرایەتى زیاتر لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش لەچەند وڵاتێکى دیکە بکاتەوە.

 

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2020' - Agence Web