به‌ هۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی پەتای کۆرۆنا، نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بە داخراوی دەمێنێتەوە بە ڕووی هاوڵاتیاندا بۆ کاتێکی نادیار. به‌ هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌موولایە‌ک

هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ دەربارەی سیستەمی بایۆمێتری و گرفتەکانی کەرتی کشتوکاڵ دەکات

بڵاو کراوە لە: چوارشەممە ٨ ته‌مموز ٢٠٢٠ - ١٦:٢٠

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

 

لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران راپۆرتێکی دەربارەی پڕۆگرامی بایۆمێتری خستەڕوو کە تیایدا بە زانیاریی و وردەکارییەوە باسی قۆناغەکانی سیستەمەکە و ئامانج و دەرەنجامەکانی سیستەمی بایۆمێتری کرد کە پڕۆژەیەکی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێک بێت بۆ تۆماری بایۆمێتری مووچەخۆران.

 

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمێتری پەسەندکرد بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پڕۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کردارەکی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حوکمڕانی درووست.

 

دواتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵی خستەڕوو لەوانە ڕێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە بە جۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ڕێگە گرتن لە تەرخانکردن وبەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی. لە تەوەرێکی دیکەشدا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری خستەڕوو لە ڕێگای پڕۆژەی هاوبەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کەرتی تایبەت وەک سەرچاوەیەکی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەو بوارانەدا.

 

لە تەوەرێکی دیکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی وگەشتوگوزار، داد)ی ڕاسپارد بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2020' - Agence Web