هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ راگەیاندراوێک لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

بڵاو کراوە لە: شەممە ١٧ تشرینی یه‌كه‌م ٢٠٢٠ - ١٥:٥٧

 

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لە بەرواری ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دەربارەی سوتاندنی ئاڵای کوردستان و هێرش کردنە سەر پارتێکی سیاسی کوردستانی لە بەغدا.

 

دەقی پەیامەکە :

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تووندى سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.

هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە.

پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر.

داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین، رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیەنن تا ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/10/17

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2020' - Agence Web