بڵاو کراوە لە: سێ شەممە ١٦ ئازار ٢٠٢١ - ٢٠:٢٤
لە چوارچێوەی یادی سی و سێ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە دا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس وێبینارێکی سازدا لەگەڵ هەر یەک لە بەڕێزان پارێزگاری هەڵەبجە بەڕێز ئازاد تۆفیق و ڕاگری کۆلێجی هونەرەجوانەکانی سلێمانی د. ڕێبوار سعید و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بەڕێز علی دۆڵەمەڕی.
لە وێبینارەکە دا هەر یەک لە بەشدار بووان باسیان لە ئێستا و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی هەڵەبجە کرد و پێداویستی و قەیرانەکانی پڕۆسەی بەکولتورکردنی و بوژاندنەوەی هەڵەبجەیان خستەڕوو.
لە درێژەی گفتوگۆکەدا بەرێز ئازاد تۆفیق جەختی لەوە کردەوە کە هەڵەبجە توانیویەتی بوژاندنەوەی تێدا بکرێت، بە واتایەکی دی هەڵەبجە لە ئێستادا ژیانی تێدایە، هونەر و شانۆی تێدا دەکرێت و ڕازاوەیە بە پارک و باخچە، تاکە شارە لە هەرێمی کوردستان شەقامی دەرەکی دووساید بێت، بەڵام برینی هەڵەبجە و شەهید بوونی پێنج هەزار هەڵەبجەیی و دە هەزار بریندار و نزیکەی دوو سەد دایک و خوشک و برا و باوک چاوەڕوانی منداڵی وونبوونیانن جگە لە ئاوارەبوونی بەشێکی تری، ئەم ئازارە هەروا بە ئاسانی سارێژ نابێت.
بەرێزیان باسیان لەوەکرد هەڵەبجە پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و دارایی هەیە هەتاوەکو بتوانێت بچێتە نێوقۆناغێکی ترەوە لە ئاوەدانی بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەڵەبجە ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر نەبێت، لە هەڵەبجە دا ئاینی سەرەکی ئیسلامە بەڵام ئاینی هاواری کاکەی بە ئاشتەوایی دەژین لەو ناوچەیە وە خاڵێکی تری گرنگی هەڵەبجە بریتیە لە پێگەی ژن لەو شارەدا و یەکسانی جێندەری لە دەڤەری هەورامان بەتایبەتی.
بۆ بینینی درێژەی وێبینارەکە کلیک لەم لینکەی لای خوارەوە بکە :