هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لایەن سەرۆک کۆماری فەرەنساوە بانگهێشت کرا بۆ کۆشکی ئەلیزێ

بڵاو کراوە لە: سێ شەممە ٣٠ ئازار ٢٠٢١ - ١٢:٣٦

 

 

لە بەرواری ٣٠ی ئاداری ٢٠٢١ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز نێچیرڤان بارزانی لە لایەن سەرۆک کۆماری فەرەنساوە بەرێز ئیمانوێل ماکرۆن بانگهێشت کرا بۆ کۆشکی ئەلیزێ

 

دەقی ووتەی سەرۆکی هەرێم دەربارەی سەردانەکەی بۆ فەرەنسا :

 

"زۆر خۆشحاڵ بووم كه‌ جارێكى ديكه‌ لێره‌ له‌ ئه‌ليزێ چاوم به‌ سه‌رۆك ماكرۆن كه‌وته‌وه‌. سوپاسى بانگهێشت و ميواندارييان ده‌كەم.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ماندا دۆخى عێراق، هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌مان به‌گشتى تاوتوێ كرد. جه‌ختمان له‌ په‌رپێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا.

باسمان له‌ گرنگيى ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و به‌رده‌واميى هاريكارى و هاوبه‌شى بۆ له‌ناوبردنى داعش كرد.

گفتوگۆمان ده‌رباره‌ى دۆخى پێكهاته‌كان و ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێويستى و چۆنيه‌تيى هاوكاريكردنيان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.
ده‌مه‌وێ له‌م ده‌رفه‌ته‌دا سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستان بۆ فه‌ره‌نسا دووپات بكه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ له‌ ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا پشتگيرى كردووين. ‌گه‌لى كوردستان هه‌رگيز يارمه‌تى و پشتگيرييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌بير ناكات.

سوپاسى تايبه‌تى سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م كه‌ ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى گێڕاوه‌ له‌ ده‌سپێكردنى گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پشتگيرى له‌ چاره‌سه‌ر و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

زۆر سوپاسى پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى و مرۆييى فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين. فه‌ره‌نسا ڕۆڵێكى گه‌وه‌رى له‌ پشتگيريكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش هه‌يه‌، هاوكارى و يارمه‌تيى مرۆيى پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كردووه‌.
هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ وه‌ك هاوكار و هاوبه‌شێكى فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ نه‌هێشتنى تيرۆر و دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌.

هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌رگرى له‌ چه‌مك و به‌ها هاوبه‌شه‌كانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و جيهانى پێشكه‌وتوو ده‌كات و ئازادييه‌كان و ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى ده‌پارێزێت.

هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك ئاماده‌يه‌ كار بكات و ڕاسته‌وخۆ به‌شدار بێت له‌ دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيرى و گه‌شه‌كردنى ئابووريى عێراقدا، هه‌روه‌ها كار ده‌كات بۆ بنياتنانى عێراقێكى ئازاد و كراوه‌ى ليبراڵ.

داوا له‌ سه‌رۆك ماكرۆن و فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ين له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان هاوكارمان بن له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق به‌گشتى و كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق.

جه‌نابى سه‌رۆك .. دووباره‌ زۆر سوپاس بۆ بانگهێشت و ميوانداريتان."

 

 

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2021' - Agence Web