هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ به‌رێز نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی خوارد و بووه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

بڵاو کراوە لە: سێ شەممە ١١ حوزه‌یران ٢٠١٩ - ١٥:٣٩

ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌  پێشنیوەڕۆی ١٠ ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩ له‌ هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، به‌ ئاماده‌بوونی میوانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی، له‌ نێوانیاندا به‌رێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، محەمەد ئەلحەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، ثامر السبهان وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری كەنداو‌، باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لە عێراق، دیپلۆماتكار و سەركردەو     سیاسەتمەدار و لایەنەسیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەرەوه.

 

 له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا خاتوو ڤاڵا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی پێشوازی له‌ میوانه‌كان كرد و گرنگی مه‌راسیمه‌كه‌ی خسته‌ڕوو بۆ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق. پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی به‌رێز نێچێرڤان بارزانی كرد بۆ سوێندخواردنی یاسایی به‌ پێی حوكمی مادده‌ی نۆ له‌ یاسایی ژماره‌ یه‌كی ساڵی ٢٠٠٥ی هه‌مواركراو.   

 

دەقی سوێندخواردنه‌کەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

(سوێندبێت بە خوای مەزن پارێزگاری لە مافەکان و دەستەکەوتەکان و یەکڕیزی و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەم و ئەرک و فەرمانەکانم بە دروستی و دڵسۆزی ئەنجام بدەم. خوای گەورە پشتیوان بێت).                    

 

پاشان سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی وتاری خۆیان پێشكه‌ش كرد و پشتگیری خۆیان دوپات كرده‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان و هیواخوازی خۆی خسته‌ڕوو بۆ كوردستانێكی ئارام و سه‌قامگیر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌.

 

                                                                                                                  

دەقی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان 

(بەناوی خوای گەورەو میهرەبان، بەڕێزان بەخێربێن سەرچاوان، زۆر سوپاستان دەکەین بۆ خێرهاتنتان و زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان. سوپاس بۆ خوای گەورە کە یارمەتیداین بۆ رێکخستنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلووی ساڵی رابردوو. سوپاس بە گەلی کوردستان بۆ خۆڕاگریان بەرامبەر زۆر لە تەحەدیات و پیلانی جۆراوجۆر، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان. لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو هەلومەرجێکی تازە هاتە پێشەوە، ئەوەبوو لە پرۆسەیەکی  دیموکراتیدا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و لە سبەینێوەش هەنگاوەکانی دامەزراندنی حکومەتی هەرێم دەستپێدەکات. لێرەدا من پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم و داوای سەرکەوتنی بۆ دەکەم و بە هەموو توانایەک پشتگیری دەکەم. داوای جیددیم لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە، کە پێکەوە هەوڵبدەن هەرچی زووترە ئەو کێشانەی کە ماون چارەسەریان بکەن، بەتایبەتی ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یان ناوچەکانی کێشە لەسەر، چونکە رۆژبەڕۆژ کێشەکان زیاتر قووڵتر دەبن و جێگەی مەترسی جیددین).                 

 

 پاشان سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌رێز به‌رهه‌م ساڵح، وتاری خۆی پێشكه‌ش كردوو، خۆشحاڵی خۆی خسته‌ڕوو بۆ به‌شداری كردنی له‌م مه‌راسیمه‌دا و هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخاندی پڕۆسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك بۆنه‌یه‌كی گرنگی مێژووی. دوای پیرۆزبایی كردنی له‌ سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ گرنگی ڕۆڵی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی كرد وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و خه‌باتی درێژخایه‌نی بۆ گه‌لی كورد، پاشان پێگه‌ی به‌ڕێزیانی وه‌ك خاڵێكی گرنگی مێژووی خسته‌ڕوو كه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ گۆرانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌.                                                                                                                                             

دەقی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق 


(بەناوی خوای گەورەو میهرەبان، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە بەبۆنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، بۆنەیەکی مێژوویی و گرنگە وێڕای ئاماژە سیاسییەکانی، هیوادارین ببێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێی پێشکەوتن و ئاشتەوایی و ئاوەدانی بۆ کوردستان و بۆ عێراق، لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، ئەو چاوەڕوانیە زۆرانەی هەمووان لێمان هەیە، بەپێویستی دەزانم بە رێز و پێزانینەوە رۆڵی جەنابی کاک مەسعود بارزانی بەرز بنرخێنین وەک یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەو پێگەو سەنگە دیارەی کاریگەری گەورەی نواند لە رێبەرایەتی هەرێمی کوردستان و لە قۆناغی سەختی گۆڕانکاریەکاندا نەخشی لەبەرچاو و بڕیاردەری هەبووە، لێرەشەوە بەپێویستی دەزانم سوپاس و پێزانین بۆ کاک کۆسرەت ڕەسوڵی جێگری سەرۆکی هەرێم بە هەمان بۆنەوە دوپات بکەمەوە، دڵنیام کەسایەتییە گەورەکان و کاریگەرەکان بە پلە و پۆستەوە دیاری ناکرێن، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم رۆڵ و کاریگەری کاک مەسعود بۆ قۆناخی ئاییندە هەر بەردەوامە، ئەو کاک مەسعودەی سەروو 50 ساڵ خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رۆڵی گەورەی لە رەوشی سیاسی کوردستان و عێراق و رێبەرایەتی خەڵکی کوردستان هەیە، چاوەڕوانی ئەوەمان لە کاک مەسعود دەبێت بۆ ئەم قۆناغەی ئاییندەش بەدڵنیاییەوە پشتیوانی سەرۆکی هەرێمی تازەو حکومەتی هەرێمی تازە، بەڵام هاوکاری ساڕێژبوونی برینەکانی ناو ماڵی کورد و یەکخستنەوە هێز و تواناکانی خەڵکی کوردستان بێت، سەردەمانێک کاک مەسعود و جەنابی مام جەلال پێکەوە بۆ ویژدانیش بە هاوکاری و پشتیوانی کاک نەوشیروان توانیان قۆناغێکی سەخت و دژوار تێپەڕینن و کوردستان لە قۆناخی دڵەڕاوکێ و ئەگەری جیا جیاوە بۆ قۆناغی ناساندنی دەستووری و پێگەی دەستووری لەناو عێراقدا بسەلمێنن. ئەو رۆڵە رۆڵێکی گرنگ بووە، ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرز رابگرین، خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکەی قوربانی زۆری داوە تاوەکو بەم رۆژگارە گەیشتووە، تاڵاوەکانی ئەنفال و راگواستن و قەڵاچۆکردنی خەڵکی گەرمیان و بارزان و دۆڵی جافایەتی و هەڵەبجە و سەردان شاروشارۆچکە و هەزاران گوندی وێرانکراو و خاکی سووتماککراو، قوربانی و خەباتی پێشمەرگە و شەهیدە نەمرەکانمان هەوێنی ئەو دەستکەوت و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆی کوردستانن، بۆیە دەبێت بەرز ئەو دەستکەوتانە رابگرین و بە هەموو توانامانەوە هەوڵی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە بدەین بە یەکڕیزی گەلەکەمان، هەروەها بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و چاکسازییەکی بنەڕەت و بەرقەراربوونی دادپەروەری و حکومڕانییەکی تەندروستترو باشتر، هەم بۆ خەڵکی کوردستان و هەم بۆ کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەی عێراق،ئامادەبووانی خۆشەویست؛ هەموومان دەزانین دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز و دژوارە، پێشبینیکردنیش بۆ ئاییندە زۆر روون نییە. خەڵکی عێراق لە رابردوودا تاڵاوی چەندین جەنگی سەپێندراویان چەشتووەو شەڕی نەخوازراوی ماڵوێرانکەریان بەسەردا سەپێندراوە، دواینیان شەڕی تیرۆریستانی داعش بوو، کە بە خەباتی پڕ سەروەری و هاوکاری و هاوسەنگەری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حەشدی شەعبی و بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی و دۆستان، توانرا دوای قوربانیدان و خۆبەختکردنێکی زۆر سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر مرۆڤکوژانی داعشدا تۆمار بکرێت، پاراستنی ئەو سەرکەوتنە ئەرکی گەورەمانە، لەسەر ئاستی عێراق و بگرە ناوچەکە و جیهانیش، ئەمەش بەوە دەبێت بە پتەوکردنی یەکڕیزی خەڵکی عێراق، هێزە سیاسییەکان و بە رێگەگرتن لە تێوەگلان لە شەڕێکی دیکە و ئاژاوەیەکی دیکە، بە هەوڵی دوورخستنەوەی وڵاتەکەمانە لە سەنگەربەندییەکانی ململانێیەکانی ناوچەکە، هەوڵمان بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان و چارەسەری ناکۆکییەکان لە ئاستی ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەو هەموو شەڕ و شۆڕ و کارەسات و شەپۆلی تووندڕەوییە، پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییە لە پێکهێنانی سیستەمێکی هاوکاری سیاسی و ئابووری بۆ پێکەوە گرێدانی بەرژەوەندییەکانی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی و رێزگرتن لە مافی گەلان و ئازادی و دیموکراسی).

 

 

پاشان ژماره‌یه‌ك له‌ بانگهێشتكراوه‌كانی سه‌ر به‌ پێكهاته‌و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان وتاری خۆیان پێشكه‌ش كرد و پیرۆزبای خۆیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان كرد و گرنگی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان به‌رز نرخاند. دواتر سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان وتاری خۆی پێشكه‌ش كردوو و خۆشحاڵی خۆی خسته‌ڕوو بۆ هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی ئه‌و پڕۆسه‌ دیموكراسیه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كرد  كه‌ تێیدا ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی ئازادانه‌ ده‌نگی خۆیان داوه‌ به‌ به‌ڵێ یان به‌ نه‌خێر.