هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوە

بڵاو کراوە لە: چوارشەممە ٢٢ كانوونی دووه‌م ٢٠٢٠ - ١٥:٣٩

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22/1/2020 له‌ داڤۆس به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا كۆبوونه‌وه‌.

به‌ڕێز دۆناڵد ترمپ سه‌رۆكى وڵاته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ريكا گه‌لى كوردستانى به‌ گه‌لێكى مه‌زن وه‌سف كرد و گوتى: ئێمه‌ قه‌رزارتانين، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى ئه‌مه‌ريكاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشاندنى داعش و پاراستنى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

 

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22/1/2020 له‌ داڤۆس به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا كۆبوونه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق به‌گشتى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا و په‌ره‌پێدانيان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى هاريكاريى وزه‌دا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و چۆنيه‌تيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، ڕه‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و دۆخى سووريا، تاوتوێ كران.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌، سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌رۆك ترامپ و ئه‌مه‌ريكا دووپات كرده‌وه‌ بۆ پشتگيرييان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا تيرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌، بۆيه‌ گرنگه‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئه‌ركه‌كانى به‌رده‌وام بێت.

 

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ ڕاپه‌ڕينى نه‌وه‌د و يه‌كه‌وه‌ تا ئازاديى عێراق و قۆناغه‌كانى دواى ساڵى 2003 و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ بنياتنانه‌وه‌ى عێراقى تازه‌ پێشكه‌ش كرد و خواستى هه‌رێمى بۆ بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا له‌ بواره‌ جياكاندا نيشان دا.