هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜  بەڕێز مەسرور بارزانی چاوی کەوت بە بەرپرسانی باڵای نێودەوڵەتی لە میانی ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا

بڵاو کراوە لە: هەینی ١٤ شوبات ٢٠٢٠ - ٢١:٣٩

 

ئەمڕۆ ١٤ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە بەرپرسانی باڵای نێودەوڵەتی لە میانی ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز دان برولیێت وەزیری وزەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا :

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرا بەتایبەتی لە بواری وزە دا. هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی و رۆڵی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە. وەزیری وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێشکەوتنی ئابووری هەرێمی کوردستاندا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان بە هۆی لێهاتوویی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایان کردووە. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و گوتی هیوادارم هەماهەنگیمان زیاتر و بەردەوام بێت.

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری عێراق :

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا . جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق کرایەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد و گوتی ئێمە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکین کە زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراق پشتیوانیی لێ بکەن و پابەندیش بێت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی تیرۆریستانی داعش کرا.

 

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز بۆیکۆ بۆریسۆڤ سەرۆک وەزیرانی بوڵگاریا :

لە دیدارەکەدا ، بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بولگاریا تاوتوێ کرا. سەرۆک وەزیرانی بولگاریا ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە کورد بە دۆستی خۆمان دەزانین و رەوەندێکی بەرچاوی کوردی لە بولگاریا هەیە و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆمەڵگەی بوڵگاری هەیە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وزەدا . سەرۆک وەزیرانی بولگاریا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی بولگاریا کرد.لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی هەبوونی هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ پرۆسەی وەبەرهینانی ناوخۆیی و دەرەکی.

 

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا : 

لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و مانەوەو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکدا، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.

 

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزيري بەرگري ئەڵمانيا ئەنێگرێت کرامپ کارنباور :

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەي دۆخي عێراق و ناوچەکە و گەشەپێداني پەيوەندييەکاني نێوان هەرێمي کوردستان و ئەڵمانيا کرا. وەزيري بەرگري ئەڵمانيا ستايشي دۆخي ئارام و ئاسايشي هەرێمي کوردستاني کرد و ئاماژەي بەوەکرد کە بەردەوامدەبين لە هاوکاريکردن و راهێنان بە هێزي پێشمەرگە. سەرۆکي حکومەتي هەرێمي کوردستان سوپاسي ئەڵمانياي کرد بۆ بەردەوامبوونيان وەک بەشێک لە هاوپەيمانيي نێودەوڵەتي دژي تيرۆر لە هاوکاريکردني هێزي پێشمەرگە. جەختيشي کردەوە کە داعش هەڕەشەيەکي جيدييە بۆ سەر ئاسايشي جيهان.

 

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2020' - Agence Web