هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ لە میانی ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا بەڕێز مەسرور بارزانی چاوی کەوت بە چەند بەرپرسێکی باڵای نێودەوڵەتی

بڵاو کراوە لە: شەممە ١٥ شوبات ٢٠٢٠ - ٢١:٠٦

 

ئەمڕۆ ١٥ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە بەرپرسانی باڵای نێودەوڵەتی لە میانی ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی کوەیت شێخ سەباح حەمەد ئەلسەباح :

لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کوەیت تاوتوێ کرا. سەرۆک وەزیرانی کوەیت ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەل هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا. سەرۆک وەزیرانی کوەیت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە و دەرفەتی باشی وەبەرهێنانیش لە هەرێم هەیە و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانین. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس دەوڵەتی کوەیتی کرد بۆ گرنگیدانی بە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێم و گوتیشی زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان هەیە و هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی دەکەین.

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتاران نیل شمید و کارستن شنایدەرو فیختز فەیگنترۆی لە پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا :

لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان دا وەک فاکتەری سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا . جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و راهێنان بە تایبەتی بۆ هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا کردەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ پێشمەرگە کرد و باسی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بە تایبەتی لە هەمەچەشنکردنی ئابووریی و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە وەبەرهێنان بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا :

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا کرا. وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەدا کە رووسیا پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەکە دەکات. گوتیشی دەمانەوێت دۆخی عێراق ئارام و سەقامگیر بێت و رێگە لە چالاکبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بگیرێت. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی هێوربوونی دۆخی ناوچەکە بە تایبەتی سوریا کردەوە و داواشی لە رووسیا کرد رۆڵی گرنگی خۆی لە سەقامگیربوونی دۆخی سووریا و رێزگرتن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە نێویشیاندا گەلی کورد بگێڕێت.

 

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا :

لە کۆبوونەوەکەدا بارۆدۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند کە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامیش دەبین لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. گوتیشی هانی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا دەدەین بۆ پەرەپێدانی وەبەرهینانی هۆڵەندی لە هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ستایشی بەرنامەی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی خۆیشی بۆ هاوکاریکردنی دەربڕی. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی هۆڵەندای کرد و تیشکی خستە سەر بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی وەبەرهێنان.