هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ ڕۆژی سێیەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن: بەڕێز مەسرور بارزانی چاوی کەوت بە چەند بەرپرسێکی باڵای نێودەوڵەتی

بڵاو کراوە لە: یەک شەممە ١٦ شوبات ٢٠٢٠ - ٢٠:٢٨

 

ئەمڕۆ ١٦ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە بەرپرسانی باڵای نێودەوڵەتی لە میانی ڕۆژی سێیەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران :

لە کۆبوونەوەکەدا، گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێ کرا، جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە کرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەبوونی پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش لە سەربنەمای رێز لەیەکگرتن. هەروەها گفتوگۆش دەربارەی گرفت و ئاستەنگەکانی ئاسایش لە ناوچەکەدا کرا.­­­

 

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز مەولود چاووشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا :

لە کۆبووەنەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. جەخت لە هەماهەنگی زیاتر کرا لەپێناو سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.

 

 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز نیلس ئانن وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە :

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەبارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا.  وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە ستایشی سەقامگیریی و گەشەسەندنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی دەسەڵاتدارییە لە عێراقدا. لە کۆبوونەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.