به‌ هۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی پەتای کۆرۆنا، نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بە داخراوی دەمێنێتەوە بە ڕووی هاوڵاتیاندا بۆ کاتێکی نادیار. به‌ هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌موولایە‌ک

هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ بەڕێز نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

بڵاو کراوە لە: شەممە ٣٠ ئایار ٢٠٢٠ - ٢٠:٠٠

 

 

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٠ له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مێجەر جەنەرال ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووه‌وه‌.

 

لە کۆبونەوەکەدا سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچيرڤان بارزانى جه‌ختی له‌ گرنگيى هه‌بوونى ميكانيزمێك بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدرالى عێراق کردە‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستانى داعش به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌کانی ماده‌ی (١٤٠)ی ده‌ستووری عێراق كه‌ جموجووڵ و هێرشه‌كانيان مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌ له‌سه‌ر ئاسايشى عێراق و هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌كات، ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانيشى بۆ هه‌ر هاوكارييه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕى.

 

دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى خرایەڕوو و باس لە لێكه‌وته‌كانى به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانى ته‌ندروستى و ئابووريدا‌ و كاريگه‌رى له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و جموجووڵى سه‌ربازيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا كران.

 

ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ديالۆگى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريكى - عێراقى بوو كه‌ بڕياره‌ مانگى داهاتوو ده‌ست پێبكات و تيايدا نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌ك بۆ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێستا و داهاتووى عێراق و ئه‌مه‌ريكا دابڕێژرێت و تاوتوێ بكرێت. له‌م باره‌يه‌وه‌ بەرێز نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگيى ئاماده‌يى و به‌شداريى هه‌رێمى كوردستان له‌و ديالۆگه‌ و له‌ دانان و ئاماده‌كردنى نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا كرده‌وه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بە ووردی باس له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و مه‌ترسييه‌كانى فراوانبوونى جموجووڵ و هێرشه‌كانى تيرۆرستانى داعش له‌ عێراق و سووريا كرا كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جددى له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ هه‌ردوو وڵات.

 

سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى گرنگى و پێويستيى به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، جه‌ختيشى له‌سه‌ر پێويستيى هه‌نگاونانى سياسى له‌ عێراق كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكهاته‌ عێراقييه‌كان هه‌ست به‌ هاوبه‌شی و متمانه‌ و پارێزراویی ئێستا و داهاتوویان له‌ عێراقدا بکه‌ن.

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2020' - Agence Web