به‌ هۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی پەتای کۆرۆنا، نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بە داخراوی دەمێنێتەوە بە ڕووی هاوڵاتیاندا بۆ کاتێکی نادیار. به‌ هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌موولایە‌ک

هه‌واڵ و چالاكییه‌كان ⮜ پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی مەترسیی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا

بڵاو کراوە لە: هەینی ٢٩ ئایار ٢٠٢٠ - ١٣:٣٥

 

 

بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی ھەینی ٢٩ ئایاری ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا داوا لە ھاووڵاتییانی كوردستان دەكات بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان و خێزانەكانیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بن.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت:

 

ھاونیشتمانیانی بەڕێز،

 

مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.

من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.

سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.

 

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٥/٢٩

 

Share

سەرجەم مافەکان پارێزراون بۆ ماڵپەری © حکومەتی هەرێمی كوردستان - 2020' - Agence Web