سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
سازدانی ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە شاری تان لێڕمیتاژ
ڕۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠٢٥، ڕەوەندی کوردستانی ناوچەی ڤالانس لە شاری تان لێڕمیتاژ ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردیان سازکرد. ئەم چالاکییە ڕۆشنبیرییە، کە لەلایەن کۆمەڵەی فەرەنسی-کوردی شاری ڤاڵانس (دەنگدانەوەی شاخەکان) ڕێکخرابوو، توانی زۆرێک لە کوردانی درۆم و ناوچەکانی دیکەی فەرەنسا کۆبکاتەوە.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا وەک هاوبەشێکی سەرەکی بەشداری لە رێکخستنی بۆنەکە کرد. ئەم هاوبەشییە لە لە چوارچێوەی کاروچالاکییە ڕۆشنبیریەکانی نوێنەرایەتی خۆی دەبینێتەوە بۆ پشتگیریکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە فەرەنسا بەتایبەتی لە بۆنەیەکی گرنگی وەک نەورۆز کە یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەرکی نوێنەرایەتیمانە.
لە دەستپێکی ئاهەنگەکە نوێنەری حکومەتی هەرێم ووتەیەکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ئامادەبوانی ئاهەنگەکە کرد. هەروەها پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کوردانی شاری ڤاڵانس و دەوروبەری دەربری و بەڵینی پاڵپشتی زیاتری بۆنە کولتوریەکانی پێیاندا.
هەر لە میانی ئاهەنگەکە، نوێنەری حکومەت دیاری رێزلێنانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە فەرەنسا پێشکەش بە کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرینی دانیشتووی ناوچەکە کرد لە پای خەبات و تێکۆشانیان بۆ سەرخستنی دۆزی کورد. دواتر نوێنەری حکومەت دیاری رێزلێنانی بەخشیە کۆمەڵەی فەرەنسی-کوردی شاری ڤاڵانس (دەنگدانەوەی شاخەکان) و مامۆستای وانەبێژی زمانی کوردی لە ناوچەکانی ئاردێش و درۆم کە چەند ساڵێکە دەرفەتی وەرگرتنی خول بە زمانی کوردی دەرەخسێنن بۆ فێرخوازان و کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی گەنجانی فەرەنسی-کوردی لە ناوچەکانی ئاردێش و درۆم.
بۆنەکە لە کەشێکی خێزانی و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٥٠٠ میوان بەڕێوەچوو. هونەرمەندی دەنگخۆش جێگر ئەمین کە لە کوردستانەوە بە تایبەت بۆ بۆنەکە بانگهێشت کرابوو، بە نمایشە ناوازەکەی و بە دەنگە زوڵالەکەی ئامادەبوانی سەرسامکرد.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە