سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە سەر ڕێگای پێشمەرگە : شاری پاریس ڕێز لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەگرێت
ڕۆژی ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە میانی ڕێوڕەسمێکی شایستە، شاری پاریس ڕێزی لە هێزی بەرگریکاری هەرێمی کوردستان (پێشمەرگە) گرت بە ناونانی ڕيڕەويک بەناوی ڕێگای پێشمەرگە لە پارکی ئەندرێ سیترۆێن لە بازنەی ١٥ی شاری پاریس.
مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٧ و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی گەورە شارەوانی پاریس و بەشداریکردنی زیاتر لە ٣٠٠ میوان کە لە نێوانیان ژمارەیەک کەسایەتیی فەرەنسی و کورد، بەرپرسانی هەڵبژێردراوی کۆماری فەرەنسا، نوێنەری کۆمەڵەکان، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە دێرینەکان و بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدیدەکران.
هەریەکە لە بەڕێزان ئارنۆد نگاتچا، جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فرانکۆفۆنی؛ خاتوو ئەلێکساندرا کۆردۆبا، سەرۆکی شارەوانی بازنەی ١٠ کە دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کوردە؛ ئومێد خۆشناو پارێزگاری شاری هەولێر؛ ڕۆماریک ڕۆینان، بەڕێوەبەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوە لە ڕێوڕەسمەکە بەشداربوون.
بڕیاری ناونانی ڕيگای پيشمەرگە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن ئەنجومەنی شارەوانی شاری پاریسەوە پەسەند کرا کە خۆی لە خۆیدا دەرخستنی خواستی گەورە بەرپرسانی پایتەختی وڵاتی فەرەنسایە بۆ دانپێدانان و ڕێزلێنان لە خەبات و خۆڕاگری هيزی پێشمەرگەی کوردستان. ئەم دەستپێشخەرییە، ڕەنگدانەوەی ئەو چالاکییە هاوبەشانەیە کە لە نێوان پاریس و هەولێر ئەنجام دەدرێن لە چوارچێوەی یاداشتنامەیی لێکتێگەشتنی دەستەخوشکی نێوانیان کە لە ١٦ی تەمموزی ٢٠١٩، لە نێوان خاتوو ئان هیدالگۆ و بەڕێز نەوزاد هادی، پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر واژۆ کراوە.
سەرەتای ڕۆژەکە بە دیدارێکی گەرمی نێوان سەرۆک مەسعوود بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس لە هۆڵی گەورە شارەوانی شاری پاریس دەستیپێکرد. دواتر هەردوولا بەیەکەوە بەرەو پارکی ئەندرێ سیترۆێن بەڕێکەوتن بۆ بەجێگەیاندنی مەڕاسیمەکە و پەردەلادان لەسەر ڕێگای پيشمەرگە.
بەر لە دەستپێکی ڕێورەسمەکە، سەرۆک بارزانی و خاتوو ئان هیدالگۆ و بەرێز فلیپ گوژۆن، پێشانگایەکی وێنەیان بەسەرکردەوە کە تیایدا چەند وێنەیەکی مێژووی نمایشکرابوو کە نیشاندەری خەباتی پێشمەرگایەتی بوو لە سەرەتاکانی شۆڕشەوە تاوەکوو ئێستا.
لە میانی وتارێکدا سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەم ڕۆژەی بە "رۆژێکی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان" ناوزەند کرد و سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆی بۆ ووڵاتی فەرەنسا دەربڕی لە پای پشتگیری بەردەوامیان بۆ گەلی کورد. دواتر ئەو قوربانییە کاریگەرانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە لە پيناو پاراستنی ئاسایشی ناواوە و دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەخشیویانە. هەروەها سوپاسی فرۆنسوا میتران، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا و دانیێل میترانی هاوسەری کرد، بۆ ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازەی کە بۆ دۆزی کورد بینیویانە.
پاشان خاتوو ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕۆڵی پێشمەرگەی لە پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و پێکەوەژیان بەرز نرخاند و سەردانەکەی بۆ هەولێر لە ساڵی ٢٠١٥ وەبیرهێنایەوە، کە ئەوکات هێزی پيشمەرگە لە گەرمەی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش بوون. دواتر تیشکی خستە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ژنان لە نێو هيزی پێشمەرگەدا دەیگێڕن، کە هەڵگری پەیامی یەکسانین. سەرۆکی شارەوانی پاریس بە شانازییەوە خواستی پایتەختی وڵاتەکەی دەربری بۆ پێشوازی کردن لەم ناوە پیرۆزە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کارەیان وەک بەڵگەیەکی هەمیشەیی بۆ دۆستایەتی نێوان گەلی کورد و فەرەنسا دەمێنێتەوە.
دواتر بەڕێز ڕۆماریک ڕۆینان، بەڕێوەبەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوە، وتەیەکی پيشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگی دیپلۆماسی ئەم ڕێزلێنانە کردەوە.
هەر لە چوارچێوەی مەڕاسیمەکە هەریەکە لە هونەرمەندان شڤان پەروەر و ئەلەند حازم بە دەنگە خۆشەکانیان ڕێزیان لە پێشمەرگە قارەمانەکان گرت و ئازایەتی و قوربانیدانی ئەوانیان وەبیرهێنایەوە و ستایشی خۆبەخشی و قوربانیدانی ئەم خەباتکارانەیان کرد.
دوای مەڕاسیمەکە، سەرۆک مەسعوود بارزانی لەلایەن بەڕێز ژان نۆئێل باڕۆ، وەزیری ئەوروپا و کاروباری دەرەوە پێشوازی لێکرا. هەردوو لا جەختیان لەسەر پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان فەرەنسا و عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. دواتر سەرۆک بارزانی، مێژووی دوور و درێژی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسای وەبیرهێنایەوە، تیشکی خستە سەر ئەو هاودەنگییە قووڵەی کە حکومەت و گەلی فەرەنسا بەردەوام نیشانیانداوە. لە دوای دیدارەکە وەزیری ئەوروپا و کاروباری دەرەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس جەختی لەوە کردەوە کە ناونانی ئەو ڕيگایە بەناوی پێشمەرگە "دانپێدانانی هەمیشەیی فەرەنسا بوو بە برا کوردە خەباتکارەکانی".
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە