سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی ڕێزلێنان بۆ جیرارد شالیان، دۆستی نزیکی گەلی کورد

Alternate Text

لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە شاری پاریس، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ جیرارد شالیان، ڕۆشنبیر و زانای جیۆپۆلەتیکی فەرەنسی، لە باڵەخانەی ئەمریکای لاتینی بەڕێوەچوو. مەڕاسیمەکە لەلایەن ئەنیستیتیوتی کوردی پاریسەوە ڕێکخرابوو. ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر و دۆستانی کورد بەشداری ئەو مەڕاسیمە بوون.

جیرارد شالیان، کە لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥ لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ڕۆشنبیر و زانای جیۆپۆلەتیکی فەرەنسی بەناوبانگی نێودەوڵەتی بوو. بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوەکانی خۆی بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و ململانێکان لە سەرانسەری جیهان تەرخان کردبوو، لەوانەش دۆزی ڕەوای کورد، کە هەمیشە بە ڕوونی و قەناعەتەوە بەرگریی لێدەکرد.

ناوبراو لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە پابەند بووە بە سەرخستنی دۆزی گەلی کورد و هاوبەشی دامەزراندنی کۆمەڵەی فەرەنسا-کوردستان (١٩٧٣-١٩٨٣) بووە، پێش ئەوەی ببێتە ئەندامێکی کارای ئەنستیتیوتی کوردی پاریس. شالیان چەندین کاری مەیدانی لە کوردستان ئەنجامداوە و خاوەنی چەندین کتێبە لەسەر کورد، لەوانە بەدبەختی کورد، بەرهەمی بەکۆمەڵی کورد و کوردستان و ئەنتۆلۆژیای شیعری باوی کوردی، کە هەموو ئەمانە بەرهەمی گرینگن کە بەشدارییان کردووە لە هۆشیارکردنەوەی دۆزی کورد لە دەرەوەی کوردستان.

لە جیهانێکدا کە زۆرجار دەنگی گەلانی بێ دەوڵەت پەراوێز دەخرا، جیرارد شالیان دەنگێکی ڕوون و توند و بوێر بوو. ئەو بوو کە دەستەواژەی "دژە کوردایەتی" یان "کوردۆفۆبیا"ی بۆ ئیدانەکردنی سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و نکۆڵیکردنی ناسنامە داهێنا کە کورد لە چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا تووشی ببوو.

لە میانەی مەراسیمەکەدا بەڕێز عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، پەیامی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە کە بۆ ئەو یادە ئاراستەی کردبوو کە ئەمە دەقەکەیەتی :

"بەڕێزان، میوانانی ئازیز،

ئەمڕۆ بە خەمێکی قوڵەوە یادی جیرارد شالیاند، بیرمەند و لێکۆڵەری دیاری فەرەنسی دەکەینەوە، کە ژیانی خۆی بۆ گەڕان بەدوای ڕاستی و لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و لە گەلانی خەباتگێر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان تەرخان کرد. شالیان دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کورد بوو، کە بە پەرۆشیەکی زۆرەوە پاڵپشتی دەکرد.

ئەو بە درێژایی ژیانی دەنگێکی بەهێز و پاڵپشتیکەر بووە بۆ دادپەروەری. شایەتحاڵێکی زندووی ئازار و خواستەکانی گەلی کورد بوو، لە هەمان کاتیشدا پەیامبەرێکی ماندوونەناسی دۆزی ئێمە بوو کە توانی دەنگی ئێمە بگەیەنەتە بازنەی فیکری و سیاسی جیهانی ڕۆژئاوا لە سەردەمێکدا کە دەنگی ئێمە بە ئەستەم دەبیسترا. نووسین و لێکۆڵینەوەکانی به قووڵی بەشداربوون لە تێگەیشتن لە خەباتی پێشمەڕگە و هاوکار بوون بۆ تیشک خستنە سەر ڕەوایی دۆزی ئێمه له به ڕامبەر زوڵم و ستەم.

خەڵکی کوردستان هەمیشە و بە ڕێزەوە یادی جیرارد شالیان دەکەنەوە و وەک دۆستێکی ڕاستەقینە سەیری دەکەن کە هەرگیز درێغی نەدەکردوە لە بەرزکردنەوەی دەنگی گەلانی ستەملێکراو  بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری.

بە ناوی خەڵکی کوردستان و خۆمەوە پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و دۆستان و هەروەها کۆمەڵگەی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری فەڕەنسا و دەرەوەی وڵات دەکەم.

ڕۆحی شاد بێت. هیواخوازم کە خێزان و خۆشەویستانی لەم کاتە سەختەدا هێز و ئاسوودەیی و دڵنەوایی بدۆزنەوە.

ماڵئاوا هاوڕێی ئازیز. یادی ئێوە بۆ هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە."

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە