سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
ڕێکخراوی یونسکۆ و گرووپی کۆمپانیاکانی کار ڕێککەوتنێک بۆ بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر واژۆ دەکەن
ئەمڕۆ، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەگای سەرەکی یونسکۆ لە پاریس بە فەرمی پێشوازیان لێکرا بۆ واژووکردنی ڕێکەوتنێکی گرنگ پەیوەست بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە خاتوو ئۆدری ئازولای بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ و بەڕێز ئێرنێستۆ ئۆتۆن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ ڕۆشنبیری و بەڕێز ئەلێکساندرۆس ماکاریگاکیس نوێنەری یونسکۆ لە عێراق ئامادەبوون.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەفین دیزەیی، وەزیر و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز یادگار ئەرگۆشی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر و خاتوو هاژە العوزیری بەڕێوەبەری بەشی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەڕێز ڕێدار خورشید بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆڵ و بەڕێز باز ڕەئوف کەریم بەڕێوەبەری کارگێری کۆمپانیاکانی کار گروپ بەڕێوەچوو.
هەر لە کۆبونەوەکە هەریەکە لە بەڕێزان ئەسعەد تورکی سوارى باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری عێراق لە یونسکۆ و عەلی دۆڵەمەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
دوابەدوای گفتوگۆکان، ڕێکەوتنێکی گرنگ لە نێوان یونسکۆ و کار گروپ، کە ئەکتەرێکی سەرەکییە لە کەرتی وزە و وەبەرهێنان لە کوردستان، واژۆ کرا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی قوڵای هەولێر و بەهێزکردنی دەستپێشخەرییە هاوبەشەکان لە پاراستنی میرات و کەلەپوری کوردی لە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کۆمپانیاکانی کار گروپ هاوکارە لەگەڵ یونسکۆ لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر کە شوێنەوارێکی مێژوویی جیهانییە. ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی دەکرێت، پێشتر زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنانی کۆکردۆتەوە.
قەڵاکە کە ڕووبەری زیاتر لە ١١٠ هەزار مەتر چوارگۆشە و ٥٠٦ شوێنی نیشتەجێبوونی مێژوویی لەخۆدەگرێت، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی بوژاندنەوەی گرنگ نۆژەن دەکرێتەوە و ئامانج لێی گۆڕینییەتی بۆ ناوەندێکی کولتووری و گەشتیاریی کاریگەر بە پێی ستانداردە جیهانییەکان.
ئەم شوێنە ناوازەیە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ ژیانی تێدا بەردەوام بووە، هێمایەکی سەرەکی میرات و کەلەپووری کوردیە. پاراستن و بەرزکردنەوەی لە کارە هەرە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ گواستنەوەی کولتووری و گەشەپێدانی ئابووری دەیبینێت.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە