سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
لە پاریس، شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر لەگەل شاندی گشتی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی شاری پاریس کۆبونەوە
لە ڕێکەورتی ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە گەورە شارەوانی پاریس (Hotel de ville) شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر لەگەل شاندێکی گشتی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی شاری پاریس کۆبوونەوە.
شاندەکەی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر پێکهاتبوون لە هەریەکە لە بەڕێزان د. یادگار ئەرگوشی، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر و د. زێدان برادۆستی شوێنەوارناس و مامۆستای زانکۆ و خاتوو بەفرین عبدالقادر تەلارسازی پرۆژەی بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر.
شاندی گشتی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی شاری پاریس پێکهاتبوون لە هەریەکە لە بەڕێزان خاتوو لۆران گیمینێز جێگری نوێنەری گشتی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی شاری پاریس و خاتوو مارین پەڕان بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسی مافی مرۆڤ و خاتوو موود پێرتۆلۆ بەرپرسی هاوکاری نێودەولەتی و دۆسیەی کەلەپوور.
لە کۆبەنەوەکە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانوویەک لە قەڵای هەولێر لە لایەن تیمی شارەوانی پاریسەوە تاوتوێکرا. سەرەتا خاتوو گیمەنێز بە کورتی بیرۆکەی پشت پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانوویەک لە ناو قەڵای هەولێر وەبیرهێنایەوە، جەختی لەسەر گرنگی ڕەمزی و کولتوورییەکەی کردەوە. هەروەها رۆڵی سەردانەکانی سەرۆکی شارەوانی پاریس خاتوو ئان هیدالگۆ بۆ هەولێر و ڕۆلی سەرۆک مسعود بارزانی، لە گەڵالە کردنی ئەم بیرۆکەکە باسکرد.
هەر لە کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئامادەکاریەکان بۆ ئەنجامدانی هاوکارییەکان لە نێوان هەردوو دامەزراوەکە بۆ بەجێگەیاندنی پرۆژەکە کە وا بڕیارە دوای نۆژەنکردنەوە بدرێت بەو ڕێکخراوانەی کار بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان دەکەن، بە پاڵپشتی کارای وڵاتی فەرەنسا. لە لایەکی تریشەوە بریار درا کە لە چەند مانگی داهاتوودا شاندێکی شاری پاریس سەردانی هەولێر بکات بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنە تەکنیکی و تەلارسازییەکانی پڕۆژەکە و پێداچوونەوە بۆ ئەو خەمڵاندنە سەرەتاییانەی کە دووساڵ پێش ئێستا لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر پێشکەش بە تیمی شارەوانی پاریس کرابوو. هەروەها بیرۆکەی پێکهێنانی لێژنەیەک کە ئەندامانی گشت لایەنە بەشداربووەکانی پرۆژەکە لەخۆبگرێت تاوتوێ کرا و بڕیاروایە لە داهاتوویەکی نزیک کاری لەسەر بکرێت و لەگەڵ دەستپێکی پرۆژەکە پێکبهێنرێت.
قەڵای هەولێر کە بە درێژایی هەزاران ساڵ ژیانی تێدا بەردەوام بووە، لە ئێستادا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی بوژاندنەوەی گرنگ نۆژەن دەکرێتەوە و ئامانج لێی گۆڕینییەتی بۆ ناوەندێکی کولتووری و گەشتیاریی کاریگەر بە پێی ستانداردە جیهانییەکان.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە