سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

دووەمین سێمیناری ئەکادیمی "توێژینەوەی کوردی" لە شاری ڕوان

Alternate Text

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی ئاداری ٢٠٢٦، دووەمین سیمیناری ئەکادیمی (توێژینەوەی کوردی) لە ژێر ناونیشانی (زمان، کولتوور و کۆمەڵگەی کوردی: داینامیکی، گواستنەوە و ئەڵەنگارییە هاوچەرخەکان) بەڕێوەچوو. ئەم سیمینارە بە هاوبەشی لەلایەن تاقیگەی دیلیس (Dylis) لە زانکۆی ڕوان-نۆرماندی، بەشی کوردی لە زانکۆی نیشتمانی زمان و شارستانیەتەکانی ڕۆژهەڵات (ئینالکۆ) و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕێکخرا. 

سیمینارەکە، کە ماوەی ڕۆژێکی خایاند، لە هۆڵی تێزەکان لە زانکۆی ڕوان لە مۆنت سانت ئایگنان بەڕێوەچوو و بە شێوەی ڕاستەوخۆش لەڕێگای ئەنتەرنێتەوە گوازرایەوە و توانی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران و قوتابیان و ئارەزوومەندانی پرسی کورد لەخۆبگرێت. ئامانج لەم سمینارە نیشاندانی پابەندبوون و بە پێشخستنی توێژینەوەی ئەکادیمی و گفتوگۆکانە لەسەر پرسە کولتووری و زمانەوانی و مێژووییەکانی کورد. 

سەرەتای سیمینارەکە بە پێشوازیکردنی بەشداربووان دەستی پێکرد. دواتر ووتەی بەخێرهاتن لەلایەن هەریەکە لە پرۆفیسۆر ساڵح ئەکین، توێژەر و مامۆستا لە زانکۆی ڕوان - نۆرماندی و عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، پێشکەش کرا و تێیدا جەخت لەسەر گرنگی توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر پرسە جیاوازەکانی کورد کرایەوە.

تەوەرە سەرەکییەکانی دووەمین سیمیناری لێکۆلینەوەی کوردی پێکهاتبوون لە ئەدەب و هونەری کوردی، ئەزموونی کوردانی تاراوگە (دیاسپۆرا)، داینامیکی زمان و فرەزمانی، سیاسەتی زمانەوانی لە کوردستان و لە تاراوگە.

کۆنفڕانسەکە لە پێنج پانێڵی سەرەکی پێکهاتبوو:  

پانێڵی یەکەم: هونەر و ئەدەب، جوانکاریی کوردی لە نێوان ڕەسەنایەتی و نوێگەریدا (٩:٣٠ تا ١٠:٥٠)

پانێلی یەکەم بە سەرپەرشتی بەڕێز نیگار عەلی حسێن، توێژەر لە وڵاتی لوکسمبۆرگ بەڕێوەچوو. لەم پانێلە، چوار بابەتی جیاواز پێشکەش بە ئامادەبوان کرا کە تیشکیان خستە سەر لایەنە ئەدەبی و هونەرییەکان :

- ئامر ئەحمەد: خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ ڕۆڵی عەبدوڵڵا گۆران لە نوێگەری لە شیعری کوردیدا.  
- سامان دەرافش: ڕەنگدانەوەی جوانکارییەکانی تاراوگە لە ڕۆمانی "هۆتێل ئەوروپا"ی فەرهاد پیرباڵدا.  
- دیبار چەلیک: وەرگێڕان وەک ڕێگەیەک بۆ دروستکردنی چەشنێکی نوێی ئەدەبی: "شێرلۆک هۆڵمس بە کوردی دەدوێت".  
نەسیبە ئاکار: تیشک خستنە سەر چنین و پەیوەندییەکان لە ڕێگەی ڕاخەری (تەپک و بەرماڵ) ناوچەی هەکاری.  

پانێڵی دووەم: ژیان لە تاراوگە، ئەزموونی تاراوگە و میراتی کوردی (١١:٢٠ تا ١٢:٠٠)

پانێلی دووەم بە سەرپەرشتی بەڕێز ئامر ئەحمەد، مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی نیشتمانی زمان و شارستانیەتەکانی ڕۆژهەڵات (ئینالکۆ) بەڕێوەچوو. لەم پانێلە، دوو بابەتی جیاواز پێشکەش بە ئامادەبوان کرا لەسەر پرسی کۆچ و تاراوگە :

- سەباحەتین کەیهان: لێکۆڵینەوە لەسەر تاراوگە و ڕەوەندی کوردی.  
- هاڤین کیێ: پرسی شینگێڕان و ماتەمینی لە چوارچێوەی کۆچە زۆرەملێکانی کورددا.  

پانێڵی سێیەم: خەباتی زمانەوانی و بەستانداردکردنی کرمانجی (١٣:٤٥ تا ١٤:٤٥)

پانێلی سێیەم بە سەرپەرشتی بەڕێز نەسیبە ئاکار، مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی مۆنتپۆلیێ ٣ بەڕێوەچوو. لەم پانێلە، سێ بابەتی جیاواز پێشکەش بە ئامادەبوان کرا تایبەت بە گەشەپێدانی زمانی کوردی:

- ساڵح ئەکین: مۆدێرنکردنی زاراوەسازی لە کرمانجیدا.  
- سەردار ئای: کات و شوێنی خەبات بۆ زمانی کوردی (کرمانجی) لە ڕێگەی گۆڤارەکانەوە.
- کارلۆ مینێلی: تاقیکردنەوەی پێوەری "هاوار" لە کتێبەکانی خوێندن: لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکانی ڕێنووس لە ناو کتێبە نوێیەکانی فێربوونی کرمانجیدا.  

پانێڵی چوارەم: فرەزمانی و داینامیکی بەریەککەوتنی زمانەوانی (١٤:٤٥ تا ١٥:٤٥)

پانێلی چوارەم و پێش کۆتایی بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر ساڵح ئەکین، توێژەر و مامۆستا لە زانکۆی ڕوان - نۆرماندی بەڕێوەچوو. لەم پانێلەش، سێ بابەتی جیاواز پێشکەش بە ئامادەبوان کرا لەسەر توێژینەوە زمانەوانییەکان:

- ڕێمان سەباح: گەشەی گێڕانەوە لای منداڵانی دووزمانی (کوردی-فەرەنسی): لێکۆڵینەوەیەک لەسەر چیرۆکی "بۆقەکە، تۆ لە کوێیت؟".  
- لاڤا مەشکۆ: میکانیزمەکانی فلتەرکردنی پێکهاتەیی لە بەریەککەوتنی کوردی-عەرەبی لە کرمانجی دەڤەری جەزیرە.  
- نەڤجان دەمیر: فرەزمانی و بەریەککەوتنی زمانەوانی: لێکۆڵینەوە لەسەر وتاردەرانی کورد.  

پانێڵی پێنجەم و کۆتایی: سیاسەتی زمانەوانی و داهاتووی زمانی کوردی (١٦:١٥ تا ١٧:١٠)

لە کۆتا پانێڵی کۆنفرانسەکە، سێ بابەتی جیاواز پێشکەش بە ئامادەبوان کران تایبەت نە لایەنە سیاسی و پەروەردەییەکانی زمانی کوردی :

- نیگار عەلی حسێن: لوکسمبۆرگ وەک ناوەندێک بۆ بەرز نرخاندنی زمان و کولتوور: دۆخی کوردانی تاراوگە.  
- حوسێن تاهیر: دامەزراوەکانی سیاسەتی زمانەوانی لە کوردستانی عێراق لە دوای ١٩٩١: ئەکتەرەکان و ئاستەنگەکان.  
- شەهموس کورت: دۆخی مامۆستایانی کورد لە تورکیا.  

ڕاسپاردەی کۆتایی و گفتوگۆ (١٧:٢٠ تا ١٧:٥٠)

 دووەم سیمیناری ئەکادیمی (توێژینەوەی کوردی) توانی بەسەرکەوتوویی کۆمەڵێک بابەتی زانستی پێشکەش بکات. دوابەدوای سیمینارەکە، ئامادەکارانی سێمینار جەختیان لەسەر بەردەوامی ئەم جۆرە چالاکییە ئەکادیمیانە کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتن لەسەر داینامیکە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.


سوپاس بۆ سەجەم وتاردەران، هاوبەشان و بەشداربووان بۆ هاوکارییان لە سەرکەوتنی ئەم سیمینارە و پابەندبوونیان بە بڵاوکردنەوە و بەرز نرخاندنی ناسنامە و کەلتوری کوردی.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە