سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

شاعیر و ڕۆماننووسێکی کورد خەڵاتێکی گەورەی شیعری شاری لیۆنی پێبەخشرا

Alternate Text

ڕۆژی ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٦ – نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا بەشداری لە مەراسیمێکدا  کرد کە بۆ شاعیر و ڕۆماننووسی کوردی باکوری کوردستان، شێخموس داغتەکین، ڕێکخرابوو. مەڕاسیمەکە، کە لە کتێبخانەی گشتی پارت-دیۆی شاری لیۆن بەڕێوەچوو، بۆ ڕێزگرتن بوو لە کارە ئەدەبیەکانی شێخمووس بەتایبەتی دوای بەدەستهێنانی دوایین خەڵاتی گەورەی شیعری شاری لیۆن – ڕۆژێ کۆڤالیسکی (Grand Prix de poésie de la Ville de Lyon – Roger Kowalski) و تیایدا بە پوختی باس لە ژیان و دوایین بەرهەمی ناوبراو کرا.

شێخموس ئەم خەڵاتەی بەهۆی دوایین بەرهەمی دیوانی شیعری بە ناوی "سەرەتاکان" (Commencements) لە ساڵی ٢٠٢٥  پێ بەخشرا کە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی (Le Castor Astral) بڵاوکراوەتەوە.

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، لە ڕێگەی بەشداریکردنی لەم مەراسیمەدا، پشتگیری خۆی بۆ کارەکانی ئەم نووسەرە کوردە دەربری کە بەرهەمەکانی پێگەیەکی دیاریان لە ناوەندی ئەدەبیی هاوچەرخی فەڕەنسیدا هەیە.

شێخموس داغتەکین لە گوندی هارون لە چیاکانی کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٧ و دوای تەواوکردنی خوێندنی ڕۆژنامەنووسی لە ئەنقەرە، ڕووی لە فەڕەنسا کردووە و لەوێ نیشتەجێ بووە. ئەو خاوەنی پازدە بەرهەمی ئەدەبییە و لە ماوەی کاروانی نووسینیدا چەندین خەڵاتی ئەدەبی گرنگی بەدەستهێناوە.

دیوانی "سەرەتاکان" جگە لەم خەڵاتە، خەڵاتی گەورەی شیعری زمانی فەڕەنسی (لیۆپۆلد سیدار سینگۆر)یشی پێبەخشراوە، ئەمەش دووپاتکردنەوەی ئەو پێ پێزانینە ڕەخنەیی و دامەزراوەییەیە کە بۆ کارە ئەدەبییەکانی ئەو نووسەرە کوردە تەرخان کراوە.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە