سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان مێزگەردێکی زانستی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێراق لە زانکۆی زانستە سیاسیەکان (Sceinces Po)

مێزگەردێکی زانستی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێراق لە زانکۆی زانستە سیاسیەکان (Sceinces Po)

Alternate Text

ڕۆژی ٩ی نیسانی ٢٠٢٦ – نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا بەشداری لە مێزگەردێکی زانستی کرد کە لە زانکۆی زانستە سیاسیەکان (Sceinces Po)ی پاریس رێکخرابوو سەبارەت بە پرسی کورد و داهاتووی هەڕێمی کوردستانی عێراق. 

مێزگەردەکە لە لایەن ڕێکخراوی زانستە سیاسیەکانی جیهانی عەرەبی (Sciences Po Monde Arabe) ڕێکخرابوو و توانی ژمارەیەک لە پسپۆڕان، خوێندکاران و چالاکوانانی بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە کۆبکاتەوە.

علی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لەگەڵ هەریەکە لە عادل باخەوان، نوسەر و توێژەر و ئیریس لامبێرت، رۆژنامەنووس بەشدارییان لەو مێزگەردەداکرد بۆ شیکردنەوەی پرسە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان.

چەندین تەوەری گرنگ لە لایەن ڕێکخەرانەوە خرانە ڕوو، لەوانە: شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و پارچەکانی تری کوردستان و ئەو گۆڕانکاری و ئاستەنگ و دەرفەتانەی کە لە دەرئەنجامی کێشە ناوچەییەکانی ئەو دواییە هاتونەتە پێشەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکە و هەوڵەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ چەسپاندنی مۆدێلێکی حوکمڕانی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، هەماهەنگی و کرانەوەی نێودەوڵەتی.

مێزگەردەکە دەرفەتێک بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و نیشاندەری بایەخی زیاتری ناوەندە ئەکادیمییەکان و ڕای گشتیی فەرەنسایە بەرامبەر بە پرسی کورد و گەشەسەندنی سیاسی و دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان. 

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە