سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

​لە شاری ڕوانی فەرەنسا مەڕاسیمێک بۆ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەڕێوەچوو

Alternate Text

لە ڕۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦، ڕەوەندی کوردستانی لە شاری ڕوانی فەرەنسا مەراسیمێکی تایبەتیان بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕێکخست. مەڕاسیمەکە لەژێر چاودێری عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسابەڕێوەچوو بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و چالاکوانانی کورد و ڕەوەندی کوردستانی. 

لە مەڕاسیمەکە، نوێنەری حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نوێنەرایەتی لە پاڵپشتیکردنی ڕەوەندی کوردستانی و جەختی لە گرنگی بەشداریپێکردنی گەنجان و گرینگیدان بەو پڕۆژانە کردەوە کە خزمەت بە دۆزی کورد و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی لای گەنجان دەکەن. نوێنەری حکومەت هیواشی خواست کە ڕۆژنامەگەریی کوردی پەرەی پێبدرێت و زیاتر لە خزمەتی دۆزی ڕەوای کورد بەکاربێت. 

هەر لە مەڕاسیمەکە نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا، ئاوات مستەفا، چالاکییە مرۆییەکانی دامەزراوەکەیانی خستەڕوو و ئاماژەی بە ڕۆڵی دەزگاکە دا لە دروستکردنی هاودەنگی و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی کوردی لە تاراوگە.

لە بەشێکی تری گفتوگۆکان ڕۆژنامەنووس ئەردەڵان عەبدوڵڵا باسی لە بەرپرسیارێتیی میدیا و ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لە گەیاندنی ڕاستییەکان کرد. لە لایەن خۆشیەوە پڕۆفیسۆر ساڵح ئاکین جەختی لە گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی وەک بنەمای شوناس کردەوە.

لە کۆتاییشدا شیڤان عەلی چالاکوانی سیاسی تیشکی خستە سەر پێویستیی یەکڕیزیی کورد لە ئەوروپا و چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی کورد کە ئەمەش بووە جێی سەرنجی ئامادەبووان و بە گفتوگۆیەکی کراوە کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە