سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
مەڕاسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری جەنەراڵ دوگۆل لە هەولێر، هێمای دۆستایەتی مێژوویی فەڕەنسا و کوردستان
ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، پەیکەری جەنەراڵ شارل دوگۆل لە دڵی پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان جێگیرکرا و لە مەراسیمێکی فەرمیدا پەردەی لەسەر لادرا.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا و بەرپرسی یەکیەتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی باڵای هەرێمی کوردستان و سەرۆكی دەزگای ڕوانگە و بەرپرسانی دامەزراوەیی و دیپلۆماتکارانی فەڕەنسی و نوێنەرانی پارتە سیاسیەكانی كوردستان بەڕێوەچوو.
ئەم بیرۆکە و پڕۆژەیە لەلایەن دەشتی عومەر سدیق، بەرپرسی بەشی کولتووری لە ئینستیتوتی فەڕەنسی – كۆنسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، وەک هێمایەک بۆ ڕێزلێنان لە بەهاکانی دۆستایەتی، گفتوگۆ و ڕێزی هاوبەش لە نێوان گەلی فەڕەنسی و کورددا پێشكەشكرا. کاری داتاشینی پەیکەرەکەش لە لایەن هونەرمەند ئارام ناسرەوە ئەنجامدرا، کە پێشتر خوێندکار بووە لە وڵاتی فەڕەنسا، ئەمەش بە پاڵپشتی و هاوبەشی هەریەکە لە دەزگای ڕوانگە، ئینستیتوتی فەڕەنسی لە هەولێر و کۆنسوڵخانەی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر کە ئەرک و تێچووی پرۆژەکەیان لەخۆگرت.
لە مەراسیمەکەدا، یان بریم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا، مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و گەلی کوردی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە مێژووی ئەم پەیوەندییانە بۆ سەرەتای ساڵانی شەستەکان دەگەڕێتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەرەوپێشچووندایە. هەروەها تیشکی خستە سەر هەوڵە کاریگەرەکانی خاتوو دانیال میتران، خانمی یەکەمی پێشووی فەڕەنسا، لەپێناو کوردا کاتێک ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق ببوونەوە.
لە پاڵ پەیکەرەکە، دەقی نامەیەکی مێژوویی نووسراوەتەوە کە لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦٨ لە لایەن ڕێبەری کورد مستەفا بارزانییەوە بۆ جەنەراڵ دوگۆل نێردراوە، کاتێک ناوبراو سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بوو. ماڵپەڕی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار وێنەیەکی ئەو نامەیەی بڵاودەکاتەوە کە بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە لە سەردەمێکدا کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کورد لە ململانێیەکی درێژخایەندا بوو لە دژی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا. لەو کاتەدا, عێراق داوای کڕینی چەکی سەربازیی فەڕەنسی کردبوو، بەتایبەتی فڕۆکەی جەنگیی "میراژ". ڕێبەری کورد مستەفا بارزانی بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە ئەم چەکانە لە دژی گەلی کورد بەکاربهێنرێن، نامەیەکی ئاڕاستەی جەنەراڵ دوگۆل کرد و تێیدا داوای پشتگیریی بۆ گەلی کورد کرد، بە پشتبەستن بە مێژووی بەرگریی دوگۆل و باوەڕی بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان.
پاشان حەسەن عەلائەدین، بەڕێوەبەری دەزگای ڕوانگە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم نامە مێژووییە هۆکارێکی سەرەکی بووە لە بڕیارەکەی فەڕەنسا بۆ نەدانی ئەو چەکانە بە عێراق. بۆیە دروستکردنی ئەم پەیکەرە وەک ڕێزلێنانێکە بۆ ئەو بڕیارە و بۆ ئەو پەیوەندییە مێژووییانەی کە فەڕەنسا و کوردستان بە یەکەوە دەبەستنەوە.
پەیکەرەکە لە مەڕمەڕ و بە شێوازێکی واقیعی (ڕیالیزم) داتاشراوە، کە جەنەراڵ دوگۆل لە قۆناغێکی پێگەیشتووی تەمەنیدا نیشان دەدات، بە مەبەستی دەرخستنی ئەو ئەزموون و پێگەیەی کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی سیاسی و ڕابەرایەتی ئەو هەبووە. جگە لە ڕەهەندە هونەری و مێژووییەکانی، ئەم پەیکەرە گوزارشت لە ڕۆڵی گرنگی ڕەوەندی کوردستانی (دیاسپۆرا) دەکات لە بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتووری و مێژووییەکانی نێوان فەڕەنسا و کوردستان.
شایەنی باسە کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣وە، فەڕەنسا وەک هاوبەشێکی گرنگی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە. فەڕەنسا لە ڕیزی یەکەمین وڵاتاندا بوو کە نوێنەرایەتیی کۆنسوڵگەریی خۆی لە هەولێر کردەوە، و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پشتگیریی سیاسی، دیپلۆماتی و ئەمنی بە کورد لە عێراق و سووریا، بەتایبەتی لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە