سەرەکی کۆماری فەرەنسا ئەنستیتوتی کوردیی پاریس

Alternate Text

هەواڵنامەی مانگانە

بەشداری بکە لە لیستی ئیمەیڵەکانمان بۆ وەرگرتنی نوێکردنەوە ئاساییەکان لەسەر

"ئەو وردەکاریانەی کە دەیدەیت تەنها لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی سیاسەتی پاراستنی داتای ئێمە دەپارێزرێت و لەگەڵ هیچ لایەنێکی سێیەمدا هاوبەشی ناکرێت"
Alternate Text

ئەنیستیتیوتی کوردیی پاریس (IKP)

ئەنیستیتیوتی کوردیی پاریس ناوەندێکی کولتووری، سەربەخۆ و عەلمانییە، کە کۆمەڵێک بیرمەند و هونەرمەندی کوردی، لەگەڵ پسپۆڕانی ڕۆژئاوایی لە بواری دۆزی کورددا کۆدەکاتەوە. ئەم دامەزراوەیە لە مانگی شوباتی ١٩٨٣ دامەزراوە و کار دەکات بۆ ئاشناکردن و ناساندنی زمان و مێژوو و کولتووری کوردی لە وڵاتی فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا، هاوكات بەشدارە لە پڕۆسەی گونجاندنی کۆچبەرانی کورد لەناو کۆمەڵگەکانی ئەوروپادا.

دامەزراوەکە بەبێ جیاوازی پاڵپشتیی لە کوردانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان دەکات. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، هاوڕێیەتی چەندین شاندی پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستانی کردووە لە کۆبوونەوەکانیاندا لە کۆشکی ئەلیزێ، بە هەمان شێوەش هاوڕێیەتی سەرکردەکانی باشووری کردستانی کردووە و لە ئێستاشدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ گشت لایەن و دامەزراوە کوردییەکان هەیە و وەک ناوەندێک بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای نێوان کوردان هەژمار دەکرێت. لەهەمان کەتیشدا، دامەزراوەکە پەیوەندی پتەوی لەگەل دامەزراوە فەرەنسییەکان هەیە و ساڵانە دەیان کۆنفرانس، سیمینار و چالاکیی کلتوری لەم پێناوەدا ڕێکدەخات و بە گرنگترین سەکۆی بڵاوکردنەوەی کلتوری کوردی لە فەڕەنسا دادەنرێت.

لە دیارترین دامەزرێنەرانی ئەم ناوەندە مێژووییە: د. کەندال نەزان (فیزیکناس لە بواری ئەتۆمی و سەرۆکی ئەنیستیتیوت)، یەڵماز گۆنای (دەرهێنەری ناودار و خاوەنی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی کان لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ فیلمی "ڕێگا")، جەگەرخوێن (شاعیر)، هەژار موکریانی (شاعیر)، تۆفیق وەهبی (زمانەوان و وەزیری پێشووتری پەروەردەی عێراق)، قەناتی کوردۆ (زمانەوان و ڕۆژهەڵاتناسی گەورە)، نورەدین زازا (نووسەر و زمانەوان)، محەمەد ڕەمزی ڕەشا (شێوەکار) و حاجی جندی (نووسەر).

لە ڕووی یاسایی و پێکهاتەی کارگێڕیەوە، دوای ١٠ ساڵ کارکردن لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی مەدەنی، ئەنیستیتیوتی کوردیی پاریس لە ٢ی ئازاری ١٩٩٣دا بە فەرمی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی فەڕەنساوە، بەپێی بڵاوکراوەیەکی فەرمی کە لە ڕۆژنامەی فەرمیی دەوڵەتدا لە ٤ی ئازاری ١٩٩٣ بڵاوکرایەوە، وەک دامەزراوەیەکی سوودبەخش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ناسێندرا (Fondation reconnue d'utilité publique).

ئەم دامەزراوەیە لەلایەن ئەنجومەنێکی کارگێڕییەوە بەڕێوەدەبرێت کە لە ١٢ ئەندام پێکدێت، لەنێوانیشیاندا چوار نوێنەری دەوڵەتی فەڕەنسا هەن کە بریتین لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری، پەروەردە، کاروباری کۆمەڵایەتی، و ناوخۆ. ئەم ئەنجومەنە سێ ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوە. ئەنجومەنەکە لە نێوان خۆیدا و بۆ ماوەی سێ ساڵ، سەرۆکێک، دوو جێگری سەرۆک، خەزنەدارێک (ژمێریارێک) و سکرتێرێک هەڵدەبژێرێت کە دەستەی کارگێڕیی (بۆردی) ئەنیستیتیوت پێکدەهێنن.

جگە لە چالاکییە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەنیستیتیوت ناوەندێکیشە بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب و نامیلکە لەسەر ئاستی ئەوروپا سەبارەت بە جیهانی کورد. هاوكات خاوەنی گەورەترین کتێبخانەی کوردییە لە ئەوروپادا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کتێب، ڕۆژنامە، نامیلکە، سیدی و کاسێتی مۆسیقای کوردی، و ئەرشیفی نووسەران، هونەرمەندان و سیاسەتمەداران بە زمانی کوردی یان بە زمانەکانی تر دەربارەی کورد لەخۆدەگرێت. ئەم کتێبخانەیە لەلایەن دانیشتووانی فەڕەنسا و هاوڵاتییانی وڵاتانی تری ئەوروپا، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی نزیک و ئەمریکاوە پێزانینی زۆری بۆ دەکرێت و وەک سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی زانیاری سەیردەکرێت کە بەهۆی نەبوونی کتێبخانەی پسپۆڕ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیاندا، زۆرجار بە زەحمەت دەستیان بەم بڵاوکراوانە دەگات.

لە ڕووی پێگەیاندنی ئەکادیمی تاکی کوردیشەوە، ئەنیستیتیوتی کوردیی پاریس ڕۆلێکی کاریگەر دەبینێت لە ڕێگەی بەردەستخستنی پڕۆگرامێکی زەمالەی خوێندنی باڵا بۆ خوێندکارانی کورد لە سەرجەم پارچەکان و بەپێی بنەمای شایستەیی و لێهاتوویی زانستی کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ خوێندکار (کە ٤٥% لە ڕەگەزی مێیە) لەم پڕۆگرامە نایابە سوودمەند بوون و بەشێکیان لە ئێستادا بوونەتە مامۆستای زانکۆ، توێژەر، ئەندازیار، پارێزەر، دیپلۆمات و نووسەر، و ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی بیرمەندی، کلتوری و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگێڕن.

ئەو پردە کولتوورییانەی کە لەلایەن ئەنیستیتیوتی کوردییەوە بونیاد نراون، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی کورد و فەڕەنسییان بەرەو ئاسۆیەکی بەرزتر گواستۆتەوە. لە ژێر کاریگەری ئەو دامەزراوەیە چەندین کەسایەتیی حکومی و سیاسیی فەڕەنسی بوونەتە دۆستی گەلی کورد و بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد کار دەکەن.

ماڵپەری ئەنیستیوتی کوردی لە پاریس
ئەدرێسی ئەنستیتیوتی کوردیی پاریس
سەرۆکی ئێستای ئەنیستیوتی کوردی لە پاریس د. کەنداڵ نەزانە


هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە