سەرەکی
کۆماری فەرەنسا
زانکۆی ئینالکۆ
هەواڵنامەی مانگانە
بەشداری بکە لە لیستی ئیمەیڵەکانمان بۆ وەرگرتنی نوێکردنەوە ئاساییەکان لەسەر
"ئەو وردەکاریانەی کە دەیدەیت تەنها لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی سیاسەتی پاراستنی داتای ئێمە دەپارێزرێت و لەگەڵ هیچ لایەنێکی سێیەمدا هاوبەشی ناکرێت"
دامەزراوەی ئینالکۆ (INALCO)
پەیمانگای نیشتمانیی زمان و شارستانییەتە ڕۆژهەڵاتییەکان (INALCO) لە پاریس، دامەزراوەیەکی فەرەنسییە بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. ئەم دامەزراوەیە تایبەتە بە توێژینەوە و فێربوونی ئەو زمان و شارستانییەتانەی کە لە دەرەوەی ئەوروپای ڕۆژئاواوە سەرچاوەیان گرتووە.
ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی ئینالکۆ بۆ ساڵی ١٦٦٩ دەگەڕێتەوە، کاتێک "قوتابخانەی گەنجانی زمان" دامەزرا بۆ پێگەیاندنی ئەو دیپلۆمات و وەرگێڕە فەرەنسییانەی کە وەک باڵیۆز یان کونسوڵ دەنێردرانە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و وڵاتانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی بتوانن بە زمانی ئەو وڵاتە قسە بکەن کە تیایدا دەستبەکاردەبوون. دواتر لە کۆتایی سەدەی هەژدەمدا (١٧٩٥) دامەزراوەکە بە فەرمی بە ناوی "قوتابخانەی تایبەتی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان" پەرەی پێدرا.
ئەمڕۆ ئەم دامەزراوەیە باوەش بۆ زیاتر لە ٩,٠٠٠ خوێندکار لە سەرجەم تەمەنە جیاوازەکان دەکاتەوە، کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە ١٢٠ نەتەوەی جیاواز دەکەن، هاوکات ٣,٠٠٠ مامۆستا و کارمەندی ئەکادیمی تێدا کاردەکەن. ئینالکۆ زیاتر لە ١٢٠ ڕێککەوتننامەی هاوبەشی لەگەڵ زانکۆ و ناوەندەکانی جیهاندا هەیە، کە ڕێگە بە خوێندکاران دەدات لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمییەوە پرۆگرامی خوێندنی هاوبەش تەواو بکەن.
سیستمی خوێندن لە دامەزراوەکەدا هەمەجۆرە. جگە لە وانەکان، خولی خوێندنی ئۆنلاین، وانەی ئێواران و ڕۆژانی پشوو و خولی چڕوپڕی هاوینەش بۆ خوازیاران و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت دابین کراوە. خوێندکارانیش دەتوانن بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا لەم دامەزراوەیەدا بەدەست بێنن.
بەشی خوێندنی کوردی لە ساڵی ١٩٤٨ لەم دامەزراوەیەدا کرایەوە. ئینالکۆ تاکە دامەزراوەی ئەکادیمیی فەرەنسییە کە بەشێکی سەربەخۆی بۆ خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا. پرۆگرامی خوێندنەکەش هەردوو شێوەزاری (سۆرانی و کورمانجی) دەگرێتەوە. لە ئێستادا بەشی کوردۆلۆجی لە ئینالکۆ نزیکەی ٤٠ خوێندکاری هەیە کە خەریکی لێکۆڵینەوە و خوێندنن لەم بوارەدا.
هەر لە دامەزراوەکەدا، کۆمەڵەیەکی کوردی بەناوی کورد-ئینالکۆ (Kurd’Înalco) بوونی هەیە کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٩ وە دامەزراوە و کار دەکات بۆ برەودان و ناساندنی زمان و کولتووری کوردی لە ناوەوە و دەرەوەی دامەزراوەکەدا.
ماڵپەری زانکۆی ئینالکۆ
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە