سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

ئەنجامدانی سیمینارێکی زانستی لە ژێر ناونیشانی هەرێمی کوردستانی عێراق، داینامیکی ناوخۆیی و تێڕوانینی جیۆپۆلەتیکی لە شاری مۆنتۆن

Alternate Text

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە هاوبەشی لەگەل زانکۆی زانستە سیاسیەکانی مۆنتۆن (Sciense Po Menton) سیمینارێکی زانستی لە ژێر ناونیشانی (هەرێمی کوردستانی عێراق، داینامیکی ناوخۆیی و تێڕوانینی جیۆپۆلەتیکی) لە شاری مۆنتۆن لە فەرەنسا ڕێکخست. ئامانجی سەرەکی ئەم سیمینارە هۆشیارکردنەوەی بەشداربووان بوو لە سەر پرسی کورد و پێگە و ڕۆڵی کوردستان لە عێراق  و ناوچەکە و خستنەرووی تێگەیشتنی سیاسی هەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرەتای سیمینارەکە بە پێشوازیکردنی بەشداربووان دەستی پێکرد. دواتر ووتەی بەخێرهاتن لەلایەن رێکخەرانی سیمینارەکە پێشکەش کرا. دواتر بەڕێز ئەنتۆنان پێشارد، مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی زانستە سیاسیەکانی مۆنتۆن وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و تیمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەدەمەوەهاتی بانگهێشتامەکایان و هابەشی کردنیان لە ئەنجامدانی سیمینارەکە. 

دواتر عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و وتاردەری سەرەکی سیمینارەکە، شیکارییەکی وردی لە سەر  هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و گرنگترین قۆناغە مێژووییە جیاوازەکانی خستەروو کە هەرێمی کوردستان پیایدا تێپەڕبووە هەر لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئێستا. لە دڕێژەی بابەتەکەی نوێنەری حکومەت کورتەیەکی لەسەر پێکهاتە جیاوازەکانی هەڕێمی کوردستان خستەروو و بە شێوەیەکی گشتی تیشکی خستەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد و پرسی نەوت و بودجە و مامەڵەی عێراق و هەرێم لەسەر ئەم پرسە. هەروەها پێگەی ئێستای هەرێمی لە عێراق و ناوچەکە و پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خستەڕوو. دواتر تیشکی خستە سەر پرسی ئابووری هەرێم و جەختی لە خواستی دەسەڵاتدارانی کورد کردەوە بۆ پرەودان بە بەهەمەچەشنکردنی داهاتی هەرێم بەتایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار. 

لە لایەکی ترەوە نوێنەری حکومەت دیدگای حکومەتی هەڕێمی کوردستانی لە سەر ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکیانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچن خستەروو ، بەتایبەتی دەربارەی دوایین گۆرانکاریەکان لە سوریا کە لە ئێستادا بە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی گشتگیر تێپەر دەبێت . 

لە میانەی سیمینارەکە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ژمارەیەک لە کتێبی پێشکەش بە زانکۆی زانستە سیاسیەکانی مۆنتۆن کرد بە هەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی کە بووە جێی پێزانین و دەستخۆشی ڕێکخەران.  

لە کۆتایی سیمینارەکە چەندین پرسیار و گفتوگۆ ئەنجامدرا کە بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. هەروەها ستافی مامۆستایان پێزانینی خۆیان بۆ بابەتەکە و بۆ نوێنەری حکومەت دەربری کە وایکرد بەشداربووان تێگەیشتنێکی جیاوازتر بەدەست بهێنن لە سەر هەرێمی کوردستان.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە