سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

نوێنەرایەتی حکەمەتی هەرێمی کوردستان لە فیستیڤاڵی پەرتووکی پاریس

Alternate Text

لە نێوان ڕۆژانی ١٠ بۆ ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بەشداری لە فیستیڤاڵی پەرتووک کرد لە پاریس (Festival du livre de Paris). بەشداریکردنەکە لە فیستیڤاڵەکە، کە لە پاڵاسی گەورەی پاریس (Grand Palais) بەڕێوەچوو، لە ڕێگەی کۆشکێک بوو بە ناونیشانی (کوردستان، بە هەموو شێوە زاراوە نووسینەکانییەوە). لەم فیستیڤاڵەدا نوێنەرایەتی بە نزیکەی ٨٠٠ پەرتووک بەشدرابوو، بەشێک لە پەرتووکەکان تایبەت بوون بە کتێبخانەی ئەنستیتوتی کوردی لە پاریس، گۆڤاری کرۆنیکەڵ کوردستان، ئەلبووم فۆتۆی کوردستان و ڕێبەری گەشتیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری وەزارەتی گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، مۆنگای ئەنستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر و کەتەلۆگی ڤیسیت کوردستان. لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک پەرتووکی نوسەری فەرەنسی و کورد بە زمانی فەرەنسی کە لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخانکرابوو پێشکەش بە سەردانیکاران کران. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فیستیڤاڵەکە بانگهێشتی یانزدە نوسەری فەرەنسی و فرانکۆ کوردی کرد بۆ واژووکردنی پەرتووکەکانیان.

یەکێک لەو پەرتووکانەی لەم فیستیڤاڵەدا ئامادەیی هەبوو پەرتووکی (جینۆسایدێکی لەبیرکراوە)ی ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی بیاتریس دێلی بوو کە باس لە زنجیرە جینۆسایدەکانی کوردستانی باشور دەکات. دەورێکی گەورەی گێڕا لە باسکردنی پرسی جینۆسایدی کورد بۆ میوانەکان. هەروەها نوسەرانی وەک هەمید بۆزەرسلان بینەر و نوسەر و وەشانخانەی بەلای کۆشکەکەدا ڕاکێشا و خەڵکی دەهاتن بۆ گفتوگۆ یان وێنەگرتن لەگەڵیان. پەرتووکەکەی کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر فرێدریک تیسۆ یەکێکی تر بوو لە پەرتووکەکان کە خۆی دوو ڕۆژ ئامادەیی هەبوو باسی کورد و کوردستانی بۆ میوان و سەردانکەرەکان دەکرد.

فیستیڤاڵی پەرتووکی پاریس یەکەم خولی خۆی لە ساڵی ١٩٨١ لە گراند پاڵاس بەڕێوەبرد. ئەم فیستیڤاڵە بە یەکێک لەە لە فیستیڤاڵە گرنگە بەها پێدراوەکانی فەرەنسا هەژمار دەکرێت کە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی فەرەنساوە سەردانی دەکرێت و لە ووڵاتانی فرانکۆفۆن بە تایبەتەوە سەردانی دەکرێت. لە فیستیڤاڵی ئەمساڵ، سەرۆککۆماری فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، بەشداری لە فیستیڤاڵەکە کرد، هەروەها نزیکەی ١٢٠٠ هەزار نوسەر بەشداربوون بۆ واژووی پەرتووکەکانیان. ئەم بەشداری کردنەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەم فیستیڤاڵە هەنگاوێکی گرنگە لە تیشک خستنە سەر کولتوور و ئەدەبی کوردی لەسەر گۆڕەپانی ئەدەبی فەرەنسی و ئەوروپی و ڕێگاخۆشکەرەر بۆ دروستکردنی دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاریی کولتووری.

فیستیڤاڵەکە توانی سەرنجی میدیا و ڕۆژنامە و رادیۆ و تەلەفیزیۆنە فرانکۆفۆنەکان و کوردیەکان بۆخۆی ڕاکێشێ و گرنگی بەم چالاکییە بدەن. لە کۆتا رۆژی فیستیڤاڵەکەدا شاندی سەرۆکایەتی هەرێم کە بۆ کۆبوونەوەی ١٤ی نیسان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هاتبوونە فەرەنسا سەردانی کۆشکی کوردستانیان کرد و زنجیرەیەک گفتوگۆیان لەگەڵ نوسەرە بانگهێشتکراوەکان و میدیاکان ئەنجامدا. 

 

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە