سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان ������������������������������

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى رابردووى ٢٦ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٥ ى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکات

Alternate Text

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە توندى سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى رابردووى ٢٦ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٥ ى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکات کە مەبەست پێکانى ژێرخانى ئابوورى و خزمەتگوزارى گشتى لە هەرێمى کوردستان و عیراق و دروستکردنى هەڕەشەى راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرى هەرێم و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی.

ئەم هێرشە بۆ سەر کێڵگەى کۆرمۆر بۆتە مایەى پچڕانى وزەى کارەبا لەسەر چەندین ملیۆن هاوڵاتى. لە رابردووشدا هێرشى تیرۆریستى لەم شێوەیە بۆ سەر ژێرخانى ووزە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە. سەرەڕاى ئاشکرابوونى ئەو لایەنانەى کە کردەوەکانیان ئەنجامداوە رێکاریى پێویستیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر.

هێرشى شەوى رابردوو بووە هۆکارى پەکخستنى تەواوى کێڵگە گازییەکەو دابەزینى ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا بەشێوەیەکى بەرچاو، کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەرى دەکاتە سەر ژیانى هاوڵاتیان لە هەرێمى کوردستان و بەشێکى عیراق. 

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەم هێرشە تیرۆرستییەی بۆ سەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ژێرخانی ئابوورییەکەی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی هەرێمی کوردستان و عیراق و داوا لە لایەنە بەرپرسەکانى حکومەتى فیدڕاڵ دەکات کە بە جددى بە دواداچوون بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە بکەن تاکو تاوانباران بە سزاى خۆیان بگەیەنن. بۆ ئەوەى لە ئایندەدا ئەو کردەوە تیرۆریستییانە دووبارە نەبنەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داواکارە پاڵپشتى هەرێمى کوردستان بکرێت لە دابینکردنى سیستەمى بەرگرى ئاسمانی لە پێناو پاراستنى سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە بەشێکى دانەبڕاوە لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.

هەروەها داواکارە لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ئەم کردەوە تیرۆریستیانە سەرکۆنە بکەن کە کاریگەرى نەرێنى لەسەر سەقامگیرى و پەرەپێدانى هەرێم هەیەو پاڵپشتى خۆیان بۆ پاراستنى ئاسایشى ووزەو ژێرخانى ئابوورى هەرێم دووپات بکەنەوە و لە رێگاى کەناڵە دیپلۆماسییەکانى خۆیانەوە فشار بخەنە سەر حکومەتى فیدڕاڵ بۆ ئەوەى رێگرى بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە دەرهەق بە هەرێمى کوردستان.

هەرێمى کوردستان پابەندى خۆى دووپات دەکاتەوە لە پاڵپشتى کردنى ئاسایش و سەقامگیرى و پێکەوەژیانى ئاشتیانەو بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى و کردەوەى تیرۆریستی.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە