سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان ����������
دیدار و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس
لە بەرواری ١٩ تاوەکو ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە ٥٦هەمین لووتکەی كۆڕبەندى ئابووریی جيهانیى کرد کە لە داڤۆسی وڵاتی سویسرا بەرێوەچوو.
سەرۆکی حکومەت زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی بهريتانيا، فەرەنسا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، میسر، لوبنان، شانشینی بەحرەین، ئوردن، ئیمارات و چەند وڵاتێکی تر لە ئاستی باڵا ئەجامدا. هەر لە لووتکەکە، بەڕێزیان دیداریان لەگەل کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و ئەمینداری گشتیی نوێی ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو ئەنجامدا.
ئامانجی سەرەکی دیدار و گفتوگۆکان، لە لایەک پەیوەست بوو بە بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیری ناوچەکە و لە لایەکی ترەوە دەرخستنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان بوو.
تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکان تایبەت بوو بە پێکدادان و ڕووبەڕوونەوە سەربازییەکان لە ڕۆژئاوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر دۆخی پەنابەران و سەرهەڵدانەوەی مەترسی تیرۆرستانی داعش کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و جیهان. سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتان هاوخەمیی قووڵی خۆیان دەربری و جەختیان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا کردەوە.
لە میانی کۆڕبەندەکە سەرۆكی حكومەت ماڵی كوردستانی لە داڤۆس كردەوە بۆ ئەوەی بازرگانان، وەبەرهێنەران و سەرمایەداران ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت لەگەڵ سەركردەكانی تری جیهان دیدار و گفتوگۆ بكەن و پەیوەندی دروست بكەن و دەرگای زیاتریش بۆ كوردستان بكەنەوە بە رووی وەبەرهێنەرانی دونیا.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمە بۆ سێیەم ساڵە لەسەریەک شاندی كوردستان بەشدارە لە كۆڕبەندی داڤۆس كە یەكێكە لە كۆڕبەندە هەرە گرنگەكانی دونیا بۆ بەیەكەوە گەیاندنی سەرانی سیاسی لە سەرتاسەری جیهان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی بیروباوەڕەكان و گۆڕینەوەی بۆچوونەكانیان لەبارەی ئاڵنگارییەكان و دەرفەتە سیاسی و ئابووریەکان.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە