سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

ڕێوڕەسمی دانانی چەپکەگوڵی ڕێزلێنان بە بۆنەی ٣٦ مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

Alternate Text

لە ٣٦مین ساڵیادی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە، ١٦ ی ئاداری ٢٠٢٤، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی جەنگاوەرە دێرینەکانی فەرەنسا و ريکخراوی برایەتی فەرەنسا و پێشمەرگە، مەراسیمی دانانی چەپکەگوڵی ڕێزلێنانی سازکرد بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و خۆراگری پيشمەرگە. 

ڕێوڕەسمەکە لە باخچەی یوژینی جیندی بەڕێوەچوو لە شاری پاریس، کە تیایدا چەندین تاجە گوڵینە لە دامێنی یادەوەری شەهیدانی جەنگ لە پيناو فەرەنسا لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان (ئۆپێکس) دانران.

چەند کەسایەتییەکی دیاری فەرەنسی و کوردی ئامادەی مەراسیم و نمایشەکە بوون؛ لە نێویاندا بەڕێز فیلیپ گۆجۆن، سەرۆکی شارەوانی ١٥ی پاریس، بەڕێز کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنستیتیوتی کوردی لە فەرەنسا، نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و بەرگری فەرەنسا و نوێنەری شارەوانی پاریس و چەند کەسایەتی و سێناتۆری فەرەنسی و ڕێکخراوەی بیانی لە فەرەنسا و ژمارەیەکی زۆر لەجەنگاوەرە دێرینەکانی فەرەنسا، بەشدار بوون. لە میانی مەراسیمەکەدا سرودی نیشتیمانی ئەیڕەقیب و لا مارسەیێزی فەرەنسا ووترا لەلایەن هەردوولاوە.

سەرۆکی ريکخراوی برایەتی فەرەنسا و پێشمەرگە، بەڕێز فیلیپ دولاربر، لە دەستپيکدا پەیوەندی برایەتی نێوان تێکۆشەرانی کورد و فەرەنسی، هەروەها خۆبەخشی و قوربانیدانی پێشمەرگەی لە خزمەتی کوردستان و فەرەنسادا وەبیرهێنایەوە. هاوکات هیوای خواست کە لە داهاتوودا ئەو پەیوەندی و برایەتیە بەردەوام بيت و پتەوتر بکرێت.

دوابەدوای مەراسیمی دانانی تاجە گوڵینە، سەرجەم میوانەکان بەرەو هۆڵی مەراسیمی پاڕک ئاندرێ سیترۆن، کە دەکەوێتە نزیک مۆنۆمێنتی ئۆپێکس، بەريکەوتن، لەوێ بەڕێز عەلی دۆڵەمەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا وتاريکی پيشکەشکرد و بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد. لە وتەکەیدا، نوێنەری حکومەت جەختی لە گرنگی پاراستنی یادەوەریی جینۆسایدی کورد کردەوە و بە گرنگی زانی ئەم یادە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە. دواتر نوێنەری حکومەت سوپاسی سەرۆکی شارەوانی پاریسی ١٥، بەڕێز فیلیپ گوجۆنی کرد بۆ ئامادەبوونی، هەروەها بانگهێشتی بەڕێز کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی پاریسی کرد بۆ ئەوەی وتەیەک پێشکەش بکات. لە لایەن خۆشیەوە بەڕێز کەنداڵ نەزان، ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی مەراسیمی لەو شێوەیە کرد، و بە پێویستی زانی بۆ پاراستنی یادەوەری مێژوویی نەتەوەکەمان.

پاشان یادەکە بە پێشکەشکردنی کتێبی “جینۆسایدێکی لەبیرکراو: دەنگی شکاوی گەلی کورد”ی نوسەر بیاترێس دیلیس درێژەی پێدرا. بیاتریس دیلیس، پەیامنێری دێپێش دو میدی، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، بە سۆزەوە، کاری لەسەر پرسی کورد کردوە . کتێبەکەی بەرهەمی ساڵانێکی دوور و درێژی کارکردن و گەشتە زۆرەکانییەتی بۆ کوردستان، کە تیایدا بە وردی ئەو ڕووداوە ترسناکانە وێنا ئەکات کە لە ناوچەکەدا رویانداوە لە ژێر دەسەڵاتی سەرکوتکاری ڕژێمی سەدام حسێن. بەهۆی ئامادە نەبوونی نوسەر، بەرهەمەکە لەلایەن بەرێز زوبەیر ماهی، سەرۆکی کۆمەڵەی فرانکۆ-کورد ئۆکسیتانەوە، پێشکەش کرا. لە وتەیەکدا بەڕێز زوبەیر ماهی خۆشحاڵی خۆی بە پێشكەشكردنی کتێبەکە دەربڕیی و سوپاسی نووسەری کتێبەکەی کرد، بۆ گرنگیدان بە دۆزی کورد و نووسینی ئەم کتێبە. لەهەمانکاتیشدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، بۆ ئەوەی کە لە نوسین و بە چاپگەیاندنی کتێبەکە هاندەر بووە.

مەراسیمەکە بە کۆکتێلێک کۆتایی هات، کە تیایدا میوانەکان تاوتوێی پرسی جینۆساید و کیمابارانی شاری هەڵەبجەی شەهیدیان کرد. پاشان چەند وێنەیەک لە  کتێبەکە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە